سێ ساڵە بەغدا چاپی نوێی پارە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێ

سێ ساڵە بەغدا هیچ پارەیەکی چاپی نوێی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە، ئەمەش وایکردووە بەشێکی ئەو پارەیەی لە بازاڕدا مامەڵەی پێوەدەکرێت بدڕێت و لەنێوبچێت.

دڕان و کۆن بوونی پارە بووەتە گرفت لەبەردەم کاسبکاراندا، ئەوان دەڵێن بانکەکان بە مەرج پارەکەیان لێوەردەگرن، هەندێکجاریش هەر لێیان وەرناگرن.

خالید، میوەفرۆشە و دڵخۆشە بەوەی مانگی رەمەزان جووڵەی خستووەتە نێو دووکانەکەی، بەڵام رۆژانە لەلایەن ھەندێک لە کڕیارەکانییەوە پارەی دڕاوی پێدەدرێت، ئەگەرچی ناچێتە بانکەکان تاوەکو پارە دڕاوەکە بگۆڕێتەوە، بەڵام ھەر زوو ساخیدەکاتەوە.

خالید ئەحمەد دەڵێت: “رۆژانە خەڵکێکی زۆر دێنە لامان و بەشێکیان پارەی دڕاو و خراپمان پێدەدەن، ئەگەر لێیان وەرنەگرین، دەڕۆن و شتمان لێناکڕن، بەڵام ئێمە ساخیدەکەینەوە و لەڕێگەی عەلوە بە سەوزە و میوەی دەدەینەوە”.

بەشێک لە ھاونیشتمانیان لەجیاتی ئەوەی روو لە بانکەکان بکەن بۆ گۆڕینەوەی پارە لەکارکەوتووەکان، روو لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن، ئەو شوێنەی بەخێرایی پارەی تێدا دەستاودەست دەکات، بەڵام ئەوانیش مەرجی خۆیان ھەیە. 

جەمال مەلا بەکر، خاوەن نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو دەڵێت: “ھەندێکجار پارەی دڕاو وەردەگرین، بەڵام دەبێت پارەکە ئەوەندە نەدڕابێت لە ئامێرەکە دەرنەچێت و، دڕاوییەکە کێشە دروست نەکات، چونکە جارێکی دیکە دەیدەینەوە مەعمیلەکانمان و ئیتر دەستاودەست دەکات، ئەگەرنا بانک لێمان وەردەگرێت، بەڵام ھەمووی وەرناگرێت و ئەوانیش مەرجی خۆیان ھەیە”. 

رێژەیەکی زۆر لە پارەی لەکارکەوتوو لەنێو بانکەکاندا کەڵەکە بووە و لیژنەیەک بۆ گۆڕینەوەیان پێکهێنراوە. لەماوەی دوو ساڵی رابردوودشدا تەنها لە بانکی ھەرێم 78 ملیۆن دیناری لەکارکەوتوو ھەبووە، لەگەڵ ئەوەی ئەوانیش مەرجی خۆیان ھەیە بۆ گۆڕینەوەی ئەو دراوە لەکارکەوتووانە.

مستەفا ئاراس، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بانکی ناوەندی ڕایگەیاند “مەرجە ئەو پارە دڕاوانەی وەریدەگرین دەبێت دڕاویییەکەیان لە لاکانیانەوە بێت، گەر بە تیپیش چاککرابێت وەریدەگرین، بەڵام سووتاو و رەقەمی کاڵبووەوە وەرناگرین. لەدوای ساڵانێکی زۆرەوە لەم ماوەیەدا لیژنەیەک لە بەغداوە ھات و پارە لەکارکەوتووەکانیان برد کە بەپێی مەرجی خۆیان بوو، بەڵام بەشێوەیەکی نەقدی بۆمان نایەت، بەڵکو لەڕێگەی حیسابی بانکی لێرە وەریدەگرین”.

بەوتەی بەرپرسان لەدوای ساڵی 2014 بانکی ناوەندی عێراق ھیچ پارەیەکی چاپی نوێی نەناردووەتە ھەرێمی کوردستان، ئەمەش وایکردووە لەڕووی ئابوورییەوە ئەو پارەیە تەنها لەنێوخۆدا ئاڵوگۆڕبکات و لەڕووی پێکھاتەوە زیانی زۆری پێبگات.