کارەبای نیشتمانی دەبێتە ١٥ کاتژمێر

 
لەبارەی شێوازی پێدانی كارەبای نیشتمانی بۆ مانگی نیسان، بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی بۆ ئەم مانگە بە هاوڵاتیان ئاشكرا دەكات. 
ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم رایگەیاند: وەزارەتی كارەبا لە بەرنامەیدایە بە درێژایی مانگی نیسان 14 بۆ 15 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتیان بدرێت.

بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم وتیشی: هیچ بەهارێكی ساڵانی رابردوو وەكو ئەمساڵ نەبووە، پلەكانی گەرما بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابرودو نزمترە، ئەمەش وایكردووە خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا زیاتر بێت و نەواتین ئەو بەرنامەی دانرابوو جێبەجێ بكەین.

ئومێد ئەحمەد ئاشكرایكرد لە ئەكەری بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما هەوڵ دەدەین پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاد بكەین.

سەبارەت بە كاریگەری قەیرانی دارایی لەسەر وەزارەتی كارەبا ناوبراو رایگەیاندووە: لەگەڵ ئەوەی پشكی زۆری كاریگەری قەیرانی دارایی بەر وەزارەتی كارەبا كەتووە، بەڵام لە هەوڵداین لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانمان و پلانیشمان هەیە ئیدارەی بارودۆخەكە بدەین.