ژنانی هەڵەبجە بە نانکردن، نان پەیدا دەكەن

بۆ مەلیحە عەبدوڵڵا، (46 ساڵ) نانكردن بۆ ماڵان ‌و هاووڵاتییان بووەتە سەرچاوەی یەكەمی بژێویی خێزانەكەی، هاوسەرەكەی نەخۆشە‌ و لە ماڵەوە كەوتووە ״جاران بە كڵاشكردن نانم پەیدا دەكرد بەڵام ئێستا بە نانكردن قووتی ڕۆژانەی خێزانەكەم دابین دەكەم״.

مەلیحە، ئێستا لە كارگەیەكی نان درووستكردن لەگەڵ ژمارەیەك ژنی دیكە لە كاتژمێر پێنجی بەرەبەیانەوە دەست بە شێلانی هەویر دەكات ‌و لە بەرامبەر نانكردندا پارە وەردەگرێت.

مەلیحە وتی: ״كاركردنی ئێمە دیاریكراو نییە، بە پێی توانای خۆمانە، ڕۆژی وا هەیە تاوەكو سەعات 10ی بەیانی، ڕۆژی واش هەیە تاوه‌كو 3ی دوانیوەڕۆ كار دەكەین، بە پێی ئەو نانانەی كە درووستمان كردووە پارە وەردەگرین، ڕۆژی وا هەیە 200 گونكی هەویر دەكەم بە نان، كە بۆ هەر 20 گونكێك هەزار دینار وەردەگرم״.

چیرۆكی مەلیحە بەسەرهاتی زۆرێك لە ژنانی پارێزگای هەڵەبجەیە، كە نەبوونی دەرفەتی كاری دیكە وای لێ كردوون بە تاك یاخود بە كۆمەڵ ڕوو لە نانكردن بكەن تا بژێویی خۆیان ‌و خێزانەكانیان دابین بكەن.

زۆربەی ژنانی پارێزگای هەڵەبجە لە ماڵەوە نانی هەورامی بۆ خۆیان دەكەن، بەڵام چەند ساڵێكە نانكردن بۆ ماڵان یاخود فرۆشتن سەری هەڵداوە ‌و لە ماوەی ڕابردووشدا زیاتر پەرەی سەندووە؛ لە كاری تاكەكەسییەوە بەرەو پیشەی بەكۆمەڵ چووە ‌و لە ماڵانەوە گوازراوەتەوە بۆ كارگەكان.

ئێستا لە هەڵەبجە و هەورامان زیاتر لە 40 كارگەی درووستكردنی نان كراونەتەوە، زۆربەیان نانی هەورامی ‌و هەندێكیشیان كەلانە و نانی تیرییش درووست دەكەن.

گەردە سەعید (39 ساڵ) پێشتر لە ماڵەوە نانی بۆ فرۆشتن دەكرد، بەڵام ماوەیەكە چووەتە یەكێك لە كارگەكان ‌و لەوێ‌ نان درووست دەكات.

گەردە وتیشی: ״كارەكەمان زۆر قورسە، بەڵام ناچارین بۆ پەیداكردنی بژێوی ئەو كارە بكەین، پیاوان نازانن نانی هەورامی یان كەلانە درووست بكەن، بۆیە هەمو ئەو كارگانەی دەكرێنەوە نانی هەورامی درووست دەكەن״.

كەمیی تێچووی كارگەی نان بووەتە هاندەرێك بۆ كردنەوەی كارگە ‌و خستنەسەری ئیشی ژنان، شوێنێك و چەند بوتڵێك غاز و ساج بەسە بۆ ئەوەی كەسێك ببێتە خاوەنی كارگەیەك.

حەسەن حسێن، خاوەنی كارگەیەكی نانی هەورامییە، شەش ژن كاری بۆ دەكەن ‌و ڕۆژانە نزیكەی 10 بۆ 15 هەزار دیناریان پێ دەدات.

حەسەن حسێن،وتی: ״شەش نانی هەورامی دەدەین بە هەزار دینار، نانیش دەنێرین بۆ بازاڕەكانی هەڵەبجە و سلێمانی و هەولێر״.

حەسەن پێی وایە كردنەوەی كارگەكانی ناندرووستكردن كارێكی باشە: ״لێرە كار بكەن بڕێك پارە پەیدا بكەن باشترە ئەگەرنا هەر لە ماڵەوە ده‌بن، دەبێت ئێستا ژن یارمەتیی مێردەكەی بدات چونكە ژیان سەختە״.

هەڵەبجە ناوچەیەكی گەشتیاری و كشتوكاڵییە و بە هۆی دەشتی شارەزوورەوە خاكێكی بەپیت و گرنگی كشتوكاڵیی هەیە، ساڵانەش هەزاران تەن بەرهەمی هەنار و گوێز و سەوزە و میوەكانی تری هەیە.

دانیشتووانی ناوچەكە جگە لە كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری، زۆربەی فەرمانبەری حكوومەتن و لە دامودەزگاكاندا كار دەكەن.

سێ‌ ساڵ زیاترە هەڵەبجە لە قەزاوە بووەتە پارێزگا، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ئەوەی دەرفەتی كاری زیاتر بۆ دانیشتووانەكەی دەسته‌بەر ببێت ‌و بە شێوەیەكی سنووردار دەرفەتی كار بۆ ژنان ڕەخساوە، جگە لە نانكردن كردنەوەی كارگەیەكی ڕستن ‌و چنینی هەڵەبجەش 120 ژنی فێری ڕستن ‌و چنین كردووە.

ئەكرەم محەمەد ئاغا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندرووستیی هەڵەبجە، هێمای بۆ ئەوە كرد بە هۆی ئەوەی ژنانی هەڵەبجە لە كۆنەوە شانبەشانی پیاوان كاریان كردووە ‌و یارمەتیی پیاوەكانیان داوە لە دابینكردنی داهاتێك بۆ بژێویی خێزانەكانیان، لە ئێستاشدا ژمارەیەكی زۆر ژن لەو كارگانە كار دەكەن بە كردنەوەی ئەو كارگانە هەلی كاری بۆ ژمارەیەكی زۆر لە ژنانی ناوچەكە فەراهەم بووە.

ئەكرەم محەمەد ئاغا، دەشلێت: ״مۆڵەتمان داوەتە 40 كارگە‌ و بەردەوام لە ڕێگەی لیژنەكانمانەوە چاودێرییان دەكەین، لە ڕووی پاكوخاوێنی و تەندرووستییەوە لێیان دەكۆڵینەوە״.