لە مانگی نیساندا لە كاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆ بۆ 1ی شەو کارەبا دەدرێت بە هاوڵاتیان


نرخی هەر سەعاتێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدەی ئەهلی لە مانگی ئادار (سێ) 45.5 دەبێت هاوكات خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ مانگی چوار (نیسان) دیاریكرا.

ئاوات محەمەد قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی و ئاسایشی ئابووری، كۆنترۆڵی كارەبا، وەرشەی ناوەندی و سەندیكای مۆلیدە ئەهلییەكان لە دیوانی قائیمقامیەت كۆبوەوە.

لە دوای كۆبوونەوەكە سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رایگەیاند: بەرنامەی كارپێكردنی مۆلیدە ئەهلیەكان بۆ مانگی نیسان لە كاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆ بۆ 1ی شەو دەدرێت بە هاوڵاتیان.

دەربارەی نرخی كارەبای مانگی ئایار و سەعاتی پێدانی كارەبا. سیروان محەمەد وتی: نرخی كارەبای مانگی سێ نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی بە 45.5 چل و پێنج دینار و نیوە كە بەپێی نرخی گازوایل لە بازارەكاندا و لە كۆتایی مانگ نرخی ئەمپێرێك كارەبای مۆلیدە دیاری دەكرێت، واتە ئەگەر مۆلیدەیەك 250 كاتژمێر كاری كردبێت ئەوا بڕی  11.500 یانزە هەزار و پێنج سەد دینار دەبێت بۆ ئەمپێرێك. 

هەروەها وتیشی: پێویستە خاوەن مۆلیدەكان لەسەر پسوڵەكەی هەریەك لە ژمارەی مۆڵەتی مۆلیدە و ژمارە مۆبایلی كارپێكارەكەی لەگەڵ ژمارە مۆبایلی (07701363679) تابیەت بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بنوسێت تا هاوڵاتیان بتوانن لەكاتی هەبوونی گرفتدا پەیوەندی پێوە بكەن.