کوردستان لە بەرهەمهێنانی پەتاتە لە پلەی چوارەمی ئێران دایە

جێگری بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ڕێکخراوی جیهادی کشتوکاڵیی پارێزگای کوردستان ڕایگەیاند کە ئەم پارێزگایە لە بەرهەمهێنانی پەتاتەدا لە پلەی چوارەمی وڵاتی ئێران جێ گرتووە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری جام کوردی لە شاری سنەی ناوەندی پارێزگای کوردستانەوە، فەرید سپەری لە کۆبوونەوەی لێژنەی ئابووری خۆڕاگرانەی کەرتی کشتوکاڵی پارێزگا، ئاماژەی بە ئاستی وەبەرهێنانی بەرهەمی پەتاتە لە کوردستان دا.

سپەری ڕایگەیاند کە لە ئێستادا و بە وەبەرهێنانی 344 تەن لە هەر دۆنم زەویدا، پارێزگای کوردستان لە پلەی چوارەمی وڵات لە وەبەرهێنانی ئەم بەرهەمە کشتوکاڵییە وەستاوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە 7 هەزار و 573 دۆنم باخی گوێز لە پارێزگادا هەیە و ساڵانە 21 هەزار و 700 تەن گوێز بەرهەم دەهێنرێت.

ئەم بەرپرسەی بواری کشتوکاڵ لە کوردستان بە ئاماژە بە پڕۆژە ئەنجام دراوەکان لە بواری کشتوکاڵدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم پڕۆژانە لە ڕەخساندنی هەلی کار و پێش گرتن لە کۆچی گوندنشینان بۆ شارەکان دەوری بەرچاوی بینیوە.