وتەی سەرۆکی ژوور لە پانێڵی لامەرکەزی و ڕۆڵی کەرتی تایبەت لە لامەرکەزیدا

لەسەر لامەرکەزیەت و ڕۆڵی کەرتی تایبەت پانێڵێک لەسلێمانی بەڕێوەچوو.


پەیمانگای تەکنیکی کوردستان لەسلێمانی پانێڵێکی زانستی لەژێر ناونیشانی لامەرکەزی و ڕۆڵی کەرتی تایبەت لە لامەرکەزیدا ئەنجامدا.

لە پانێڵەکەدا سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و سەلام عەبدووڵا ڕاوێژکاری یاسای ژوور و پارێزگاری پێشوی سلێمانی و وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و ژمارەیەک لە سیاسیەت مەداران تیایدا بەشداربون.
 
پارێزگاری پێشوی سلێمانی د.ئاسۆ فەرەیدون لە پانێڵەکەدا ئاماژەی بەوەدا” دوای دوو کۆبونەوە ئەو لیژنەیەی کەدانرابوو بۆ پرۆژەیەکی من بۆ لامەرکەزیەت و چارەسەرکردنی قەیرانی دارای و ئابوری و سیاسی لەکوردستاندا بەڵام ئەو پرۆژەیە لەچاڵنرا و نەھێڵدرا سەرکەوتوبێت”

ھەر لەو پانێڵەدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ساماڵ سەردار ڕایگەیاند” لامەرکەزیەت شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە، لەھەرێمی کوردستاندا دەسەڵاتی حکومەت پەرلەمان و یاسا نەیتوانیوە دەسەڵاتەکانی وەک خۆی جێبەجێ بکات دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە دەسەڵاتی بڕیاردان ببرێتە ناو ئەو دەسەڵاتانە بۆیە لە ئێستادا دەبێت ڕێکەوتنی سیاسی بکرێت”

لەپانێڵەکەدا سیروان محەمەد وتەیەکی پێشکەش کرد کەتیایدا باسی لەلامەرکەزیەت کرد کە سودی چی دەبێت گەر جێ بەجێ بکرێت.

تەواوی وتەکانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی:

زۆرسوپاسی پەیمانگای تەكنیكی كوردستان دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم پەناڵە… وەسوپاسی ئامادەبوونی بەڕێزتان دەكەم


ئاشكرایە لای بەڕێزتان ئەو پێشكەوتنەی لەم سەردەمەی ئێستاماندا لە وڵاتە پێشكەوتوەكاندا هاتۆتەدی بەرهەمی جێ بەجی كردنی سیستمی لامركەزیەتی ئیداری و سیاسیە، بەجۆرێكی تریش ئەگەر بڕوانینە وڵاتە هەژارو دواكەوتووەكان ئەوە دەبینرێت كە پابەندی جێ بەجێ كردنی سیستمێكی مەركەزی توندن لە بەڕیوەبردندا كە بەو هۆیەشەوە ناتوانرێت بنەماكانی دادپەروەری بچەسپێندرێت و دواتریش ستەم و گەندەڵی و بلاوبوونەوەی بێكاری و هەژاری چەندین گرفتی تر بەرۆكی ئەو وڵاتانە دەگرێت. 


ئەگەر بمانەوێت لە هەرێمی كوردستاندا ڕۆڵی كەرتی تایبەت هەڵبسەنگێنین، دەبێت سەرنجێكی بڕیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بدەین، تاجەند بڕیاری داوا پابەندی لامەركەزیەتی ئیداری ببێت لە سەر ئاستی پارێزگاكان ئەمە لەلایەك لەلایەكی ترەوە تاچەند ئامادەیە و ئامادەبووە ڕۆڵی كەرتی تایبەت زیاتر بكات لەسەر حسابی كەرتی گشتی و هەوڵ بدات دامودەزگاو دامەزراوەكان بەرەو بەتایبەت كردن بچن.
 پێم خۆشە بۆ ئەم دووبابەتە سەرنجی بەڕێزتان بۆ دوو نمونەی زیندو ڕابكێشم كە لە ڕابردوودا ڕویان داوە.


یەكەم: لەكۆبوونەوەیەكماندا لەگەڵ بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر داوامان لە بەڕێزیان كرد لامەركەزیەت پەیڕەوبكەن لە بەڕیوەبردندا لەسەر ئاستی پارێزگاكان بۆ ڕایكردنی كاروبارەكان تا نەگەڕێتەوە بۆ هەولێر، دواتر بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و بەنوسراویان ژمارە 1975 لە ڕیكەوتی  13/8/2012 بڕیاریاندا بە جێ بەجێ كردنی پرنسیپی لامەركەزیەت و دابەزاندنی دەسەڵاتەكان بۆ پارێزگاكان و كەمكردنەوەی ڕۆتین لە ڕایكردنی مامەڵەكاندا، دوای ئەم بڕیارە ئەگەر سەیرێكی قەبارەی وەبەرهێنان بكەین لەهەموو سێكتەرەكاندا لە پارێزگای سلێمانی چەند بەرامبەر زیادی كرد …


دووەم: پێم خۆشە ئەوەتان پێڕابگەیەنم كە ڕایكردنی كاری ئەندامانمان لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سەد لەسەد ئەلكترۆنیەو لە ئێستادا كۆتایمان بە بەكارهێنانی كاغەز هێناوە لەكارەكانماندا، پلانمان هەیە لە ئایندەیەكی نزیكدا زۆربەی كارەكانمان ئۆن لاین ئەنجام بدرێت واتا بازرگانان و پیشەسازان و كۆمپانیاكان و نوسینگەكان لە ماڵەكانی خۆیان و شوێنی كارەكانیانەوە ئیشەكانیان لە ژووری بازرگانی ئەنجام بدەن، بازرگانێك كە سەردانمان دەكات دەتوانیت لەماوەی 1 بۆ2 كاتژمێر ئەندامێتی خۆی لە ژووری بازرگانی وەربگرێت و پێناسەیەكی پلاستیكی پێبدرێت. 

سەرەڕای ئەو هەموو پێشكەوتنەی كە لە كارەكانماندا بەدەستمان هێناوە، لە جیاتی ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ زوترو باشتر ڕاپەڕاندنی زۆر كاری تایبەت بە بازگانی و پیشەسازی بەشێك لە دەسەلاتی جێ بەجێ كردنی كارەكانی بدات بە ژوورە بازرگانییەكان، لە ڕابردودا كاری تۆماری هێمای بازرگانی كە لە یەكێتی پیشەسازییەكان بەڕێوەدەچوو دواتر بە بڕیارێك وەرگیرایەوە بۆ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كە ئەمەشە كارێكی  یاسای نەبوو بەیاسای بریمەر ئەم كارەیان كرد بەڵام بەیاسای موازنەی عێراقی ساڵی 2015 گەڕایەوە بۆ یەكێتی پیشەسازییەكان، لە ئێستاشدا لە هەوڵی ئەوەدان تۆماری ناوی بازرگانی كە بەپێ ی یاسا كاری ژوورە بازرگانییەكانە، دەیانەوێت ئەویش بگێڕنەوە بۆ وەزارەتی بازرگانی.

 ئایا وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كارەكانی خۆیان زۆر سەركەوتوو بووە كە سەدان كارگەی ستراتیژی لەسەر دەستیان داخراون، ڕەوشی بازرگانی و پیشەسازی بەدەست سەدان كێشەوە دەناڵێنێت كە ئەو وەزارەتە لێی بەرپرسە، وەپشنیار دەكەم تێكڕای سێكتەرە ئابوورییەكان بدرێتە دەست كەرتی تایبەت، وەك ئەوەی لە ڕاپۆرتی ڕێكخراوی ڕەندی ئەمریكیدا هاتووەو پێشنیاری كردووە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2012 دا.


بۆیە دەمەوێت ئەوە بڵێم كە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی یەكلای بكاتەوە و بڕیاربدات چ جۆرەسیستمێك پەیڕەو دەكات لە ڕای كردنی كارەكان مەركەزیەت یان لامەركەزیەت. زیادكردنی ڕۆڵی كەرتی تایبەت یاخود كەرتی گشتی. ئەگەر بمانەوێت ڕۆتینیات نەهێڵین و مەمەڵەی ئیداری بازرگانان و وەبەرهێنەران ئاسان بكەین، بازرگانان ناچار ناكەین بۆ دامەزراندنی كۆمپانیاو هێمای بازرگانی و دەرهێنان و نوێكردنەوەی مۆڵەتی هاوردەكانیان لە باشماخ و پەروێزخان وحاجی هۆمەران و ابراهیم خلیلەوە بچنە هەولێرو بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی بەڵكو دەكرێت ئەو كارانە نەك لە سلێمانی و شارەكانی تر بەڵكو لە دەروازەكانی باشماخ و پەروێزخان وحاجی هۆمەران و ابراهیم خلیلەوە بۆ یان ئەنجام بدرێت. 

كە لە ئێساتادا لە سەدا 90% مامەڵەی كارە بازرگانییەكان بە مەركەزی كراون و دەبێت بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەوێوە ئەنجام بدرێن.
لەكۆتایدا دەڵێم ئەگەر بمانەوێت كەرتی تایبەت بەرەو پێش بەرین و ڕۆڵی ئەم كەرتە زیاد بكەین دەبێت پابەندی پرنسیپی لامەركەزیەت بین ئەگەرنا ناتوانین هیچ گەشە سەندنێكی جەوهەری لە كەرتی تایبەت و سەرخان و ژێرخانی ئابووری بەدی بهێنین، دەبێت سود لە ئەزموونی وڵاتێكی وەكو مالزیا وەرگرین كە توانیان بە چەسپاندنی پرنسیپی لامەركەزیەت بەشێوەیەكی دروست وڵاتەكەیان بگەینە ئەو ئاستەی ئێستا، كە یەكێكە لەو وڵاتانەی خاوەنی ئابووریەكی بەهێزەو داهاتی تاكەكەس بۆ ئاستێكی بەرچاو بەرزبۆتەوەو بونەتە ناوندێكی گەشتیاری و ئەكادیمی لە جیهاندا. 









سیروان محەمەد  مەحمود د
سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی
جێگری یەكەمی سەرۆكی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان.