وڵاتی کوێت داوای بەھێزکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکان دەکات لەگەڵ شاری سلێمانی


لەشاری سلێمانی سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سیروان محەمەد و نەوزاد غەفور جێگری دووەمی سەرۆک و عوسمان فەتاح ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور چاویان کەوت بە دکتۆر عومەر سەرقونسوڵی ووڵاتی کوێت و جێگرەکەی.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند” لەسەر داوای قونسوڵی کوێت کۆبونەوەیەکمان لەگەڵیاندا ئەنجامدا بۆ قسەکردن لەسەر پەیوەندیە بازرگانی و پیشەسازیەکان لەنێوان ھەردولادا”

ڕاشیگەیاند” ووڵاتی کوێت داوا دەکات لەشاری سلێمانی کاری وەبەرھێنان بکەن و داوای کردنەوەی پێشانگایەکی تایبەت دەکەن بە وڵاتەکەیان وە ئێمەش زۆر خۆشحاڵبوین و پشتیوانیان دەکەین”

ئاماژەی بەوەشدا” وڵاتی کوێت دەیەوێت پەیوەندیە بازرگانیەکان لەگەڵ بازرگانانی شاری سلێمانی توندو تۆڵ بکەن تابتوانن بەرھەمەکانی وڵاتی کوێت لە شاری سلێمانی ھەبێت و بازرگانان بتوانن سەردانی وڵاتی کوێت بکەنە”

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئەوەشی ڕاگەیاند ھەموو ھاوکاریەکی ووڵاتی کوێت دەکەین بۆ بەھێز کردنی پەیوەندیەکانی نێوان ھەردولا.