نرخی كارەبای موەلیدە ئەهلیەكانی بۆ مانگی 12 دیاریكرا

 
بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی نرخی كارەبای موەلیدە ئەهلیەكانی بۆ مانگی 12 دیاریكرد و ڕایگەیاند، نابێت نرخی ئەمپێرێك لە ١١ هەزار و ٥٠٠ دینار زیاتر بێت. 

بەگوێرەی راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی، نرخی كارەبای موەلیدە ئەهلیەكان بۆ مانگی دوانزە، بەپێی نرخی گازوایل لە بازاڕدا دیاریكراوە‌و نرخی یەك ئەمپێر بۆ سەعاتێك بە 45 دینار‌و 5 فلس دانراوە، واتە موەلیدە ئەهلیەكان چەند سەعات كاریان كردبێت، لێكدانی ئەو پارەیە دەكرێت.

 بەڵام نابێت نرخی ئەمپێرێك لە ١١ هەزار و ٥٠٠ دینار زیاتر بێت. لەبارەی بەرنامەی ئەم مانگەشەوە كارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەكردوە، موەلیدە ئەهلیەكان دەبێت رۆژانە لە كاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ تا یەكی شەو كار بكەن‌و كارەبا بدەن بە هاوڵاتیان. سەبارەت بە موەلیدەی قەزا و ناحیەكانی سنووری پارێزگای سلێمانیش، بەهەمان نرخی ناوشار و لەكۆتایی مانگدا پارە كۆدەكرێتەوە.