ئێران و سلێمانی گرنگی بەکەرتی کشتوکاڵی دەدەن


بۆبەھێزکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکان و وەبەرھێنان لەکەرتی کشتوکاڵدا شاندێکی بازرگانی ئێرانی سەردانی شاری سلێمانی دەکەن و لەگەڵ سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی و ژمارەیەک بازرگان لەکەرتی کشتوکاڵدا کۆبونەوە.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند: ھاتنی شاندەکەی ئێران بۆ ئەوەیە لەبارەی ئەو ھاوکاریانەی کە دەدرێت بە کشتوکاڵ لەکۆماری ئیسلامی ئێران بەھامان شێوە لەشاری سلێمانیدا ئەو ھاوکاریانە لە سلێمانی بکرێت کەئەمەش دەبێتە دروستکردنی شەراکەتێک لەنێوان وەبەرھێنەکانی سلێمانی و ئێراندا تا بتوانین ئەو زەویانەی تائێستا ماونەتەوە و نەخراوەتە بواری کشتوکاڵەوە لەڕێگەی ئەمانەوە بکرێت و جوتیاران سودیان لێ ببینن.

ئاماژەی بەوەشدا: پرۆژەکانی شیرەمەنی کە لە کوردستاندا نیە بتوانین لەسلێمانیدا وەبەرھێنانی تیادا بکەین و بە تەکنەلۆژیای تازە پرۆژە دروستبکەن وە ئەو بڕەپارەیەی کەدەدرێت دەبێت بەوجۆرەبدرێت کە لەکۆماری ئیسلامی ئێران دەدرێت وە ھیوادارین لەم بارودۆخەی ئێستادا کەرتی کشتوکاڵی بەرەو پێشەوە بڕوات و گرنگی بە بەرھەمە ناوخۆیەکان بدەین.

ئاغای سەفای بریکاری وەزیری کشتوکاڵ کەسەرۆکایەتی شاندەکە دەکات ڕایگەیاند: سەردانەکەمان بۆ ئەوەیە ئەو پلانانەی ھەمانە لەگەڵ ژووری بازرگانی و کشتوکاڵدا بیانخەینە بواری جێ بەجێکردنەوە وە دەمانەوێت وەبەرھێنان لە کشتوکاڵ و ئاژەڵدا بیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.

لای خۆشیەوە شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی  ڕایگەیاند: دەمانەوێت بەھەردولامان ھەوڵبدەین کەرتی کشتوکاڵی گرنگی پێبدەین و بەھەردولامان زیاتر کشتوکاڵ بەرەو پێش بەرین تا جوتیاران سود لەکەرتی کشتوکاڵی وەربگرن.

عادل گەوێڵی بەڕێوەبەری شاری پیشەسازی ڕایگەیاند: شاندەکەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی مەبەستی سەردانەکەیان بۆئەوەیە لەمەودوا بتوانین لەبواری کشتوکاڵدا سەرمایەگوزاری بکەین وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران  ئامادەی خۆیان پیشانداوە لەگەڵ جوتیارانی کوردستان بە ھاوبەشی کۆمپانیای کشتوکاڵی دروستبکەن و جوتیاران تیایدا بەشداربن ئەو کۆمپانیایەش کاری حکومەت دەکات ھەموشتێکیان بۆ دابین دەکات و بەرھەمەکانیشیان لێ وەردەگرێتەوە.