ئەم مانگە 8 سەعات كارەبای نیشتمانی دەدرێت

 
وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ئاشكرایدەكات، ئێستا نۆ یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەكاركەوتوون، بەهۆی ئەوەی ناتوانن گازوایلیان بۆ دابین بكەن. بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمیش ئاشكرای دەكات، لە مانگی ١٢داو لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا، دەتوانرێت تەنها هەشت سەعات كارەبا بە هاووڵاتیان بدرێت.

مانگانە پێویستی بە 100 ملیۆن دۆلارە

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم ئاشكرای كردووە، بەهۆی نەبوونی گازوایلەوە نۆ یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەكار وەستێندراون، بۆ بەگەڕخستنەوەشیان مانگانە بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار پێویستە.

ئەوەشی راگەیاندووە، ئەو نۆ یەكەیەی لەكاركەوتوون، ئەگەر بكەونەوە كار، ئەوە توانای بەرهەمهێنانی هەزارو ٢٠٠ مێگاوات كارەبایان دەبێت‌و رۆژانەش لەسەرتاسەری هەرێمدا نزیكەی پێنج سەعات كارەبا زیاتر دەكەن، بەڵام بەهۆی زۆری خەرجیانەوە كە مانگانە نزیكەی ١٠٠ ملیۆن دۆلارە، نەتوانراوە بخرێنەوە كار.

بەرپرسەكەی وەزارەتی كارەبای هەرێم پێشبینی پێدانی كارەبای نیشتیمانی بە هاووڵاتیان كردوەو وتویەتی: «بەم توانایەی ئێستا هەیە، مانگی ١٢ رۆژانە تەنها هەشت سەعات كارەبای نیشتمانی بدرێت بە خەڵك».

ئێستا توانای بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان نزیكەی دوو هەزارو ٥٠٠ مێگاواتە، بەڵام خواست لەسەر كارەبا بۆ پێنج هەزارو ٥٠٠ مێگاوات زیادی كردووە، بەم جۆرەش هەرێم سێ هەزار مێگاوات كارەبای دیكەی پێویستە بۆ دابینكردنی ٢٤ سەعات كارەبای نیشتیمانی.

(7 – 8) هەزار دینار  بۆ هەر ئەمپێرێك

هاوكات لەكۆتایی هەفتەی رابردوودا، بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی پارەی مۆلیدە ئەهلییەكانی بۆ مانگی یانزە دیاری كردو بەپێی نرخی گازوایلیش، بۆ یەك ئەمپێر حەوت بۆ هەشت هەزار دینار دەبێت، هاوكات خشتەی مانگی دوانزەش دانراوە.

سیروان محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی كارەبای سلێمانی رایگەیاندووە، لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوونی قائیمقامی سلێمانی‌و بەڕێوەبەری كارەبای سلێمانی، پارەی مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی 11 دیاری كراوە، بەپێی نرخی گازوایل بۆ یەك سەعات 42 دینارو نیو دانراوە.

وتیشی: «بەپێی ئەو پارەیەی كە دانراوە بۆ یەك ئەمپێری لە نێوان حەوت بۆ هەشت هەزار دینار دەبێت، هاوكات خشتەی مانگی دوانزەی مۆلیدەكانیش دیاری كراوە كە پێویستە سەعات 1ی پاش نیوەڕۆ بۆ یەكی شەو هەركات كارەبای نیشتمانی بڕا، مۆلیدە هەڵكەن و نابێت لە 15 خولەكە زیاتر دوابكەون.

لە رۆژی 20ی مانگی رابردوودا‌و بەهۆی دروستبوونی كێشە لە یەكەكانی بەرهەم هێنانی كارەبای لە سلێمانی، پێدانی كارەبا بە هاووڵاتیان زۆر كەمبووەوەو ماوەی زیاتر لە یەك هەفتە كارەبای سلێمانی كەمترین كارەبای بە هاووڵاتیان درا.

ماوەی نۆ ساڵە كاریان پێ ناكرێت

لەلایەكی دیكەوە‌و بەوتەی پەرلەمانتارێكی پەرلەمانی كوردستان، حكومەتی هەرێم 80 یەكەی كارەبای بە بڕی 45 ملیۆن دۆلار كڕیوەو ماوەی نۆ ساڵە كاریان پێ ناكرێت‌و ئەمەش سەرباری وەستانی 12 یەكەی تری كارەبا لەناوچە جیاجیاكانی كوردستاندا.

فایەق مستەفا ئەندامی لیژنەی پیشەسازی‌و وزە لە پەرلەمانی كوردستان بە هەفتەنامەی ئاژانسی راگەیاندووە، حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی لوبنانیدا كردووە بە بڕە پارەیەكی زۆر كە نرخەكەی 45 ملیۆن دۆلار بووەو لەگرێبەستەكەدا تەنها بیر لەوە كراوەتە كە چۆن پارە تێدا بخۆرێت. لەكاتێكدا چۆن دەبێت 80 یەكەی بەرهەمهێنانی كارە بە یەكەوەو بەهۆی كێشەی تەكنیكییەوە لەكار بكەون.

لای خۆیەوە، محەمەد ئەمین حەسەن وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم سەبارەت بە كارنەكردنی ئەو یەكانانە بۆ ئەو هەفتەنامەیە دەڵێ: «ئەو یەكانە پێویستیان بەچاكسازیی هەیەو ئێستاش چاكسازییان تێدا دەكرێت بۆ ئەوەی بخرێنەوە كار». ئەمین حەسەن بێئاگایی خۆی دەربڕی لەوەی كە وەستانی یەكەكان بە هۆی قەیرانی داراییەوە بێت‌و وتی: «ئەوەی كە بەئێمە وتراوە ئەوەیە بەهۆی پێویستی بە چاكسازییە هەیە».

پێشتریش وەزارەتی‌ كارەبای‌ حكومەتی هەرێم ئاشكرای کردبوو، بەهۆی‌ زیادبوونی‌ لۆد لەسەر كارەبای‌ نیشتمانی، بەنیازن سیستمی‌ 20 ئەمپێریی بۆ ماڵەكانی‌ سنووری‌ ئەو فیدەرانە پەیڕەو بكەن كە فشاریان لەسەرە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئاماری‌ بەشداربووان بەهۆی‌ ئاوارەكانەوە رووی‌ لە زیادبوون كردووە، بە جۆرێك لە ساڵی‌ رابردووەوە 100 هەزار بەشداربووی‌ كارەبا لەهەرێمی كوردستان زیادی كردووە».