سعودیە هەڕەشەی كشانەوە لە كۆبونەوەكانی ئۆپیك دەكات


 سعودیە هەڕەشەی كشانەوە لە كۆبونەوەكانی ڕێكخراوی ئۆپیك دەكات‌و دەڵێت، ئەگەر ئێران پابەند نەبێت بە كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەوا بازاڕەكان نوقمی نەوت دەكەن.

بەوتەی چەند سەرچاوەیەك كە هەفتەی رابردوو، بەشداری كۆبونەوەی ڕاوێژكارانی ڕێكخراوی ئۆپیك بوون، سعودیە هەڕەشەی ئەوەیكردوە كە ئەگەر ئێران مەرجی كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ڕەت بكاتەوە، ئەوا حكومەتی ڕیاز بەرهەمهێنانی نەوت بەجۆرێك بەرز دەكاتەوە، كە بازاڕەكان پڕبكات لە نەوتی خاو.

بەوتەی ئەو سەرچاوانە، سعودیەكان هەڕەشەی ئەوەیان كردوە كە لە كۆبونەوەكانی ڕێكخراوی ئۆپیك دەكشێنەوە‌و بەرهەمهێنانی نەوتیش بۆ 11 ملیۆن بەرمیل‌و تەنانەت بۆ 12 ملیۆن بەرمیلی رۆژانەش بەرزدەكەنەوە.

ئاماژەیان بەوەشكردوە، كە ئەو هەڵوێستەی سعودیە لەدوای ئەوە هاتووە، كە ئێران بەباشی نەزانیووە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەكەی كەم بكاتەوە‌و داوایكردوە كە لەو مەرجە بیبەخشن، چونكە ئەوان لەدوای هەڵگرتنی گەمارۆ ئابووریەكانەوە، بەرهەمهێنانی نەوتیان زیادكردوە.

بڕیارە ڕۆژی 30ی ئەم مانگە وڵاتانی ئۆپیك لە ڤیەننا كۆببنەوە، بۆ بڕیاردان لەسەر جێگیركردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ رێككەوتنێكی ئەوتۆ لەنێوان ئەندامانی ئۆپیكدا ئیمزا نەكراوە، كە هەموویان لەسەری كۆكبن.