ھۆشداری لەداڕوخانی ئابوری سلێمانی دەدرێت

 
ژوری بازرگانی سلێمانی داوایەک ئاراستەی فەرمانبەرو مامۆستایان و حکومەتی ھەرێم دەکات و ڕایدەگەیەنێت، بەھۆی بایکۆتی بەردەوامی دامودەزگاکانی سنوری سلێمانیەوە، زیانی زۆر بەر شارەکە کەوتوە، چەند سەرچاوەیەکیش باس لەزیانی ١٠ ملیۆن دۆلار دەکەن، سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانیش ڕونکردنەوە دەدات.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی بە میدیاكانی یەكێتی ڕاگەیاند، “بەھۆی بایکۆتکردنکردنی فەرمانبەرانەوە، بەشێکی زۆر لەفەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتیەکانی سنوری سلێمانی کارەکانیان ڕاگیراوە، بەتایبەت زەریبەو باجی دەرامەت”.

بەوتەی سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی، سەدان ھاوڵاتی و بازرگان دەچنە ھەولێر وەکالەت و کۆمپانیا دەکەنەوەو ڕسوماتەکانیان لەوشارە دەدەن، دەشڵێت:”چەند مانگێکە بەھۆی بایکۆتی فەرمانبەرانەوە زەرەرو زیانێکی زۆر لەھاوڵاتیان و شاری سلێمانی کەوتوە”.

لەپەیامێکیشدا بۆ فەرمانبەران و مامۆستایانی سنوری سلێمانی، سیروان محەمەد وتی:”داوادەکەین دۆخەکە ھێوربکرێتەوە، چونکە ئێستا بەگشتیی کوردستان لەدۆخێکی خراپدایەو لەھەمولایەکەوە شەڕ ھەیە، ئێمە پەیاممان ئەوەیە دەوامی فەرمانبەران ئاسایی بێتەوەو حکومەتیش لەپێدانی موچە کارئاسانییان بۆ بکات”.

سەرۆکی ژوری بارزگانی سلێمانی مەترسیەکی سەر کەرتی بازرگانیشی ئاشکراکردو وتی:”ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عیراق پچڕاوەو ڕاوەستاوە کە بەدەیان ملیۆن دۆلار زەرەر دەخەمڵێندرێت”.

چەند سەرچاوەیەکیش باس لەوەدەکەن، بەھۆی بایکۆتی بەردەوامی فەرمانبەران لەسنوری پارێزگای سلێمانی، ئەوشارە زیانی ١٠ ملیۆن دۆلاری بەرکەوتوە.