لەهەڵەبجە فیستیڤاڵی هەنار بەرێوەچوو


بەچاودێری وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەهاوكاریی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی شارەكە، ئەنجومەنی رێكخراوەكانی هەڵەبجە دووەمین فێستیڤاڵی هەناری بۆ بەرهەمە خۆماڵیەكان لەپاركی شارەكە سازكرد و وەزیری كشتوكاڵیش رایگەیاند، هەر كۆمپانیایەك بتوانێت پرۆسەی بەبازاڕكردن و هەناردەی هەناری هەڵەبجە بگرێتەئەستۆ، هاوكاریی پێویستی دەكەن.

لەبارەی ئامانجی دووەمین فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە، مەنزەر عەلی باسام سەرۆكی لیژنەی باڵای سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەكە و سەرۆكی ئەنجومەنی رێكخراوەكانی هەڵەبجە  ڕایگەیاند “بەمەبەستی زیاتر ناساندنی بەرهەمە خۆماڵیەكانی شارەكەمان و لەپێناو بەبازاڕكردنیاندا، بۆ دووەمین ساڵ لەسەر یەك فێستیڤاڵی هەنارمان رێكخستوە و دەمانەوێت بەشێوەیەكی بەربڵاو ئەم بەرهەمانە بخەینەڕوو”.

وتیشی “هەڵەبجە بەناوبانگە بەهەنار و باشترین جۆرەكانی هەنار لەم ناوچەیەی ئێمە بەرهەمدەهێنرێن، بۆیە فێستیڤاڵەكەمان بەناوی هەنارەوە ناوناوە، بەڵام لەپاڵ هەناریشدا ژمارەیەكی بەرچاو لەبەرهەمەكانی تری هاوشێوەی سەوزە و میوە و گوێز و هەنگوین و ژمارەیەكی زۆر لەبەرهەمە دەستیەكانی ناوخۆ هاوشێوەی جلوبەرگ و ئێكسسوارات خراونەتەڕوو كە نیشانەی دەستڕەنگینی جوتیاران و هاووڵاتیانی ناوچەكەمانن”.

جوتیارێكی بەشداربووی فێستیڤاڵەكەش بەناوی ئەحمەد فەتاح ئەحمەد كە بە بەرهەمی هەنار بەشداریی كردبوو، وتی “ئێمە وەكو جوتیاران كێشەی بەرهەممان نییە، بەڵكو كێشەی بەبازاڕكردنمان هەیە، بازاڕی پێویستمان بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانمان نییە، تێچوومان زۆرە، بەڵام داهاتمان كەمە، ناشتوانین خۆمان ساردخانە دروست بكەین، بۆیە ناچارین بەرهەمەكانمان هەرزان فرۆش بكەین. بۆ نموونە كیلۆیەك هەنار بە هەزار دینار دەفرۆشین، بەڵام دوو مانگی دیكە هەناری وڵاتان دێتە ئێرە و كیلۆی دەدرێتە سێ هەزار دینار”.

ئەو جوتیارە كە دانیشتووی تەپەتۆڵەكەیە و شانزە دۆنم باخی هەناری هەیە زیاتر وتی “ئێمە ئەگەر كارگەیەكی بەرهەمهێنانی ئاوی میوەمان هەبووایە باشتر بەرهەمەكەمان ساغ دەكرایەوە و هاوردەش كەمتر دەبوەوە، بۆیە داواكارین حكومەتی هەرێم بەجددی كاری پێویست لەسەر داواكاریی جوتیاران بكات و لەپێناو ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و رەخساندنی هەزاران هەلی كار هەوڵی كردنەوەی ژمارەیەك كارگەی جۆراوجۆری میوە و ساردخانە بدات”.

جوتیارەكەی تەپەتۆڵەكە وتیشی”یەكێكی دیكە لەكێشە گەورەكانی جوتیاران و باخەوانانی ئێمە بوونی نەخۆشی جۆراوجۆرە لەباخەكانماندا بەتایبەتی باخە هەنارەكانمان ، كە ئەو كرمەی خۆمان پێی دەڵێین كرمی بەر و لەكاتی پێگەیشتنی هەنارەكانمان لێی دەدات و خراپیان دەكات، چەندین جاریش داواكاریمان داوەتە بەرپرسانی كشتوكاڵ بەڵام وەكو پێویست بەدەمەوەهاتن نەبووە”.

لەسنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە نزیكەی هەشت هەزار و 500 دۆنم باخی هەنار هەیە و بەرهەمی ساڵانەی ئەو باخانەش نزیكدەبێتەوە لە 25 هەزار تۆن هەنار كە بەشێكی باش لەپێداویستیەكانی ناوخۆی پارێزگاكە و بەشێكی هەرێمی كوردستان دابین دەكات.

لای خۆیەوە عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوتەیەكدا لەمەراسیمی كردنەوەی فێستیڤاڵەكەدا وتی”هەرچەندە ماوەی سێ ساڵە هیچ بودجەیەك بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو تەرخان نەكراوە، بەڵام ئێمە لە ئەنجومەنی وەزارەت بەهاوكاریی هەموولایەك توانیومانە پاڵپشتی جوتیارانمان بەتایبەتی بۆ بەرهەمی خۆماڵی بكەین، بەتایبەتی تریش لەپەیڕەوكردنی سیستەمی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی كە بووەتەمایەی سودمەندبوونی جوتیاران و زیادبوونی بەرهەمی خۆماڵی لەكوردستاندا”.

دەربارەی سیستەمی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵیش، عەبدولستار مەجید وتی “ماوەی دوو ساڵە لە 2015 و 2016دا ئەم سیستەمە پەیڕەو كراوە كە پشتگیرییە لەبەرهەمی ناوخۆ و جوتیاران و زیادكردنی داهاتە بۆ حكومەت بەزیادكردنی باج و رسومات لەسەر ئەو بەرهەمانەی هاوردە دەكرێن لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆییدا، بەمەش بەرهەمی ناوخۆیی چەند قات زیادی كردووە، لەو بەرهەمانەش كە پێویستمان پێیەتی لەكاتی پێگەیشتنی تا تەواوبوونی پێداویستی ناوخۆ پڕدەكەنەوە، ئەو داهاتەش بەهۆی زیادكردنی باج و رسومات لەسەر كاڵای هاوردە دەستمان كەوتووە لەماوەی ساڵی رابردوودا 71 ملیار دینار بووە، كە داواشمان لە سەرۆكی حكومەت كردووە 30%ی ئەو داهاتە بۆ وەزارەتمان تەرخان بكرێت، ئەمەش بۆ پاڵپشتكردنی بەرهەمی خۆماڵی جوتیارانی خۆمان، كە بەڕێزیان لەڕووی مەبدەئیەوە رەزامەندیی دەربڕیوە، ماوەتەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی چۆن لەسەری رێككەوین”.

دەربارەی ئەوەشی پەیوەستە بە هەڵەبجەوە، عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ  و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی”بەمنزیكانە بوو بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی هەڵەبجەمان كردە بەرێوەبەرایەتی گشتی و وردە وردە بەڕێوەبەرایەتیەكانی تر دەكەینەوە، لەپێناو زیاتر گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لەم شارەدا، سەبارەت بەهەناریش بڕیارمانداوە هەر كۆمپانیایەك ئامادەیی هەبێت هەناری خۆماڵی بەتایبەتی هەناری سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەبازاڕ بكات و هەناردەی دەرەوەی بكات، ئێمە هاوكاریی دەكەین و یارمەتی مادی باشی دەدەین بۆئەوەی بەرهەمی جوتیارانی ئێمە باشتر ساغ بكرێتەوە و جوتیارانمان تووشی زیان نەبن.