بەرهەمهێنەران، نرخى نەوت بەرز دەکەنەوە


كۆبونەوەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە جەزائیر، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرز دەكاتەوە، وڵاتانی فرۆشیاری نەوتیش، گەشبینن بە رێکكەوتن لەبارەی سنوردانان بۆ ئاستی هەناردەکردنەوە.

ئاژانسەكانی هەواڵی جیهان بڵاویان كردەوە، بەهۆی كۆبونەوەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە جەزائیر، كە ماوەی دو رۆژە درێژەی هەیە‌ و بڕیارە (28)ی ئەم مانگە كۆتایی بێت، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا، بە رێژەی (3%) بەرزبونەوەی بەخۆوە بینیوە.

هەرچەندە هێشتا وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت نەگەیشتونەتە رێكکەوتنێكی کۆتایى سەبارەت بە رێژەی خستنە بازاڕی نەوتی خاو، بەڵام پسپۆڕانی ئابوری پێیانوایە؛ زۆربەی ئەو وڵاتانە گەشبینن، كە سنورێك بۆ هەناردەی نەوت دابنرێت‌ و نرخی نەوت لە ئاستێكی باشدا جێگیر بێت.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان؛ نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت، لە دوایین مامەڵە پێوەكردنی لە بۆرسەكاندا، بە (47) دۆلار‌ و (35) سەنت مامەڵەی پێوە كراوە‌ و بەراورد بە ماوەكانی رابردو نرخی هەر بەرمیلێك نەوت دۆلارێك‌ و (46) سەنت بەرز بوەتەوە.