چۆن دەست بە پارەكەتەوە دەگریت؟

چەند  ڕێنمایییەك هەیە، هەمیشە “رۆبەرت كیوساكی” خاوەنی كتێبی “باوكی دەوڵەمەند. باوكی هەژار هەمیشە دووبارەی دەكاتەوە، ئەویش
 
ئەوەیە: دەوڵەمەندەكان بۆیە پارەیان زۆرە، چونكە دەزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ پارەكانیان بكەن.
پێی وایە هەرگیز دەوڵەمەندەكان بەوە پێناسە ناكرێن كە پارەیان زۆرە، بەڵكو ئەوان كەسانێكن توانای بەڕێوەبردنی پارەكانیان هەیە و هەمیشە پاشەكەوتێكیان بۆ كاتی پێویست هێشتووەتەوە.
جیاوازی هەیە لە نێوان ئەوانەی دەیانەوێ ببنە بازرگانی زەبەلاح و ئەوانەش كە دەیانەوێ ژیانێكی بەختەوەر لەگەڵ خێزانەكانیان بەسەر ببەن، بەبێ ئەوەی پێویستیی پارەیان هەبێ و بەشی ئەوەندەیان پارە هەبێ ژیانێكی باشی پێ بەڕێوە ببەن.
ئەم ڕێنمایییانە، ناتكات بە ملیۆنێر، بۆ ئەوەیە كە ژیانێكی بەختەوەرت هەبێ و داهاتووت بۆ منداڵەكانت مسۆگەر كردبێ و هەرگیز خەمی پاشەكەوتت نەبێ.
ئەمانەی خوارەوە ڕێنماییەكانن:
یەكەم: پارەی شایانی خۆت بەدەست بهێنە و كەمتر خەرج بكە
سەرەكیترین ئامۆژگاری كە لە هەموو كتێبەكاندا هەیە، بریتییە لەوەی كە لە پێشدا باش بگەڕێی بۆ ئەوەی كارێكت دەست بكەوێ، زۆرترین پارەت بداتێ كە شایەتی توانا و ماندووبوونەكانت بێت، هەرگیز بە كەمتر لە شایەنی خۆت ڕازی نەبیت، ئینجا بەشی دووەم دێتە پێشەوە كە كەمتر خەرج بكەی لەوەی كە پەیدای دەكەی. كەمتر چەندە؟ بەپێی ڕێسای خەرجكردن، دەبێ ئەو پارەیەی پەیدای دەكەی، بیكەیت بە سێ بەشەوە، دوو بەشیان خەرج بكە و بەشێكی هەڵگرە، ئەمەش ڕەنگە لە سەرەتادا گران بێت، بۆیە تا ڕادێیت، 10%ی پاشەكەوت بكە، پاشان بیگەیەنەرە سێیەك.
دووەم: ئەو شێوازەی خووت پێوە گرتووە بۆ خەرجكردن، چاودێری بكە
زۆر كەس نازانن لە مانگێكدا چەندیان خەرج كردووە بۆ خواردن، جلوبەرگ و هاتوچۆ، بەڵام یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی پاشەكەوت ئەوەیە، كە بە تەواوی لە شێواز و چەندێتی خەرجكردنی پارەكانت تێ بگەیت و بزانیت، هەر خۆی ئەو تێگەیشتنە و نووسینی هەموو ئەو پارانەی خەرجت كردوون، بۆت دەردەخا كە چەندی بە فیڕۆ دەدەیت و چەندی بە پێویست خەرج دەكرێ، لێرەوە یەكەم هەنگاوی بەرەو دابەشكردنێكی باشتر دەست پێ دەكات. دەبێ دوای پێداچوونەوە، ڕێژەی ئەو پارانەی كە بۆ شتی لاوەكی خەرجت كردوون، لە 10% تێپەڕ نەكات.
سێیەم: پابەندبوونت بە لووتكەی خەرجكردن لە دەست مەدە
وەك لە خاڵی یەكەم باسمان كرد، لووتكەی خەرجكردن بریتییە لە دوو لە سێی هەموو پارەكەت، زۆر كەس بەهۆی پێویستییەكی ماڵ، لەو لووتكەیە لا دەدات، بەڵام ئەوە ناتگەیەنێت بە هیچ، دەبێ ئەو پێویستییە هەر لەو بەشەی كە بۆ خەرجكردن داتناوە، بكڕی و لە ڕێژەی پێویستییەكانی تر كەم بكەیتەوە، چونكە پارەی پاشەكەوت بۆ داهاتووە.
چوارەم: وەك دەوڵەمەندە گەورەكان بیر بكەرەوە
دوو جۆر خەڵك هەن، هەندێكیان بەلایانەوە پارە هۆكاری خەرجكردنە، جۆری دووەمیش پێیان وایە، پارە هۆكارە بۆ پەیداكردنی پارەی زیاتر. هەوڵ بدەت بە پشكێكی كەمیش بێت، بەشداری بە پارەكەت بەشداری لە كارێكدا بكەی، ئەو كارە هەرچییەك بێت هەر زۆرە، ئەمە وات لێ دەكات كاتێك تاقەتی كارت نامێنێ، تۆ خاوەنی دووكانێك یان خانوویەكی كە بە كرێت داوە، لە كارێكیشدا هاوبەشیت و مانگانە پارەت بۆ دێننەوە، ئەمەش هەر بەلایەنی كەمەوەیە، چونكە دەتوانی زۆر لەوە زیاتریشی پێ بكەی.
پێنجەم: پارەی ئاو و كارەبا و ئەوانی تر لە كاتی خۆیدا بدە
نەدانی پارانە لە كاتی خۆیدا، جگە لەوەی كە لەوانەیە بە زیادە سزای بچێتە سەر، بەرنامەی دابەشكردنی پارەكانیشت بە تەواوی لێ دەشێوێنێ و بە زەحمەت بۆت ڕاست دەبێتەوە.
شەشەم: بەشداری لە بەرنامەی خانەنیشینی بكە
هەندێك بانك بەرنامەی خانەنشینییان هەیە كە مانگانە بە ڕێژەیەكی كەم پارەت لێ وەردەگرن و بۆت دەكەنە كارەوە، یاخود وەك خۆی بۆت هەڵدەگرن و لە دوای خانەنشینی بە شێوەی مانگانە دەتدرێتەوە. ئەگەر ئەوەشت دەست دەكەوت، بەشداری لە سولفە (مەشرووع)ێكی درێژ خایەن بكە و هەوڵ بدە تۆ دوایەمین كەس بیت كە پارەكەت وەردەگرێ.
حەوتەم: بۆ كارێكی لاوەكی بگەڕێ
ئەگەر كاری ڕۆژانەت ئەوەیە كە بەیانی هەڵدەستیت و دەچیت بۆ دەوام، دوای هەشت سەعات دەگەڕێیتەوە، ئەوا تۆ لە 24 سەعاتەكەتدا، 16 سەعاتت لە بەردەست ماوە، هەشتی بۆ خەو و خواردن دانێ، هەشت سەعات دەمێنێتەوە كە دەتوانی هەموو ئیشێكی تیدا بكەی. ئەگەر خێزاندار بیت، چوار سەعاتت لە بەردەستە كە ئیشێكی لاوەكی تێدا بكەیت.
ئەم خاڵانە، لە هەموو دۆخێكی باش و خراپ، لە هەموو وڵاتێك كە مووچەیان زۆر بێت یان كەم، تاقی كراوەتەوە و سەركەوتنی بەدەست هێناوە، تەنیا ئەوانە ناتوانن سەربكەون كە توانای ڕێسادانانیان نییە بۆ ژیانیان.
سەرچاوە:وشە