وەبەرهێنان لە سلێمانی بەڕێژەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە

وەبەرهێنان ئەو کەرتەی بەهۆی قەیرانی داراییەوە دوچاری ئیفلیچ بوون بووە، بە وتەی بەڕێوبەری وەبەرهێنانی سلێمانی زیاتر لە ساڵێکە ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان کۆبونەوەی نەکردوە.
ئاماژە بەوەش دەکات: لەساڵی ٢٠١٣دا سی‌و هەشت (٣٨) مۆڵەتی وەبەرهێنان بە تێچووی پێنج ملیار دۆلار وەرگیراوە بەڵام لە ساڵی (٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦) پێنج مۆڵەتی وەبەرهێنان بەتێجوی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دراوە کەئەمەش پاشەکشەی وەبەرهێنانە لە پارێزگای سلێمانی.
فەرمان غەریب بەڕێوبەری وەبەرهێنانی سلێمانی ڕایگەیاند:  لەساڵی ٢٠١٣دا کاتێک دەسەڵاتەکان بۆ بەڕێوبەرە گشتیەکان دابەزێنرابوو لە دەستەی وەبەر‌هێنانەوە بە بڕیارێکی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان, ئێمە لە ساڵی ٢٠١٣دا سی‌و هەشت مۆڵەتی وەبەرهێنانمان هەبووە بە تێچوونی ٥ پێنج ملیار  و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار، بەڵام کەدێنە سەر ئاماری ساڵی ٢٠١٥ یان ٢٠١٦ بەشەرمەوە ئەڵێن ٥ مۆڵەتی وەبەرهێنانمان هەیە بە کولفەی نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار، وتیشی: ڕاستە بارودۆخە سیاسی‌و ئەمنی‌و ئیداری‌و داراییەکەی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەدۆخیکی خراپ دایە، بەڵام ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بیر لەوە بکاتەوە دەسەڵاتەکان جارێکی تر دابەزێنێتەوە پرۆسەی وەبەرهێنان چالاک بکاتەوە پاڵپشتی لەکەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان بکات ئێمە رۆژانە پرۆژەی تازەمان بۆیەت و ئەتوانین مۆڵەتیان بەین و بچنە بواری جێبەجیکردنەوە.
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانیش ڕایدەگەیەنێت قەیرانی دارایی هۆکار بووە بۆ وەستاندنی جموجٶڵەکان بازرگانیەکان‌و کەمبونەوەیان، ئاماژەبەوەش دەکات لەساڵی ڕابردوو حەواڵەی بازرگانی دەرەکی بەڕێژەی لەسەدا ٧٨% دابەزیوە.
 یاسین رەحیم جێگری  سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند: جموجۆڵی بازرگانی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، لەئێستادا سەرجەم پرۆژەکانی حکومەتی هەریمی کوردستان وەستێنراون‌ ناتوانرێت یەک پرۆژەش جێبەجێ بکریت لەبەر ئەوەی پسولەی نەقدیان نیە، لەناوەراستی ساڵی پار و کۆتایەکانی ساڵی ٢٠١٥دا نزیکەی لەسەدا ٧٨%ی حەواڵەی دەرەکی دابەزیوە لەبازاری دۆلارەکەو  بازاڕی کۆمپانیاکانی حەواڵەدا ، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە بازاڕ توشی شکست هاتووە.
ئەو قەیرانە داراییەی ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردوە کاریگەری لەسەر سێکتەری وەبەرهێنانیش کردوە شارەزایان و چاودێرانیش ڕایدەگەیەنن تەنها چارەسەر بۆ دۆخی ئێستای ئابووری و قەیرانی دارایی هەریمی کوردستان کۆتای پێهێنانی ململانێی لایەنە سیاسیەکانە لەباشوری کوردستان.