سلێمانی: پێویستە لامەركەزییەت لە داهاتی‌ نەوت‌و غازدا جێبەجێ‌ بكات

“پێویستە لامەركەزییەت لە داهاتی‌ نەوت‌و غازدا جێبەجێ‌ بكات، بۆ ئەوەی‌ فەرمانبەران سودمەند بن” سەرۆكی‌ لیژنەی‌ وزەو سوتەمەنی‌ لە ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ وای وت. 
غالب محەمەد سەرۆكی‌ لیژنەی‌ وزەو سوتەمەنی‌ لە ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ راگەیاند، موچەی‌ مانگانەی‌ سەرجەم فەرمانبەرانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، پێویستی‌ بە 300 ملیۆن دۆلارە، لەم كاتەشدا ئەو بڕە پارەیە بەهۆی‌ سیستمی‌ پاشەكەوتەوە، بۆ 200 ملیۆن دۆلار كەمیكردوە.
وتی: ناكرێت حكومەت تەنها چاكسازی‌ لە داهاتی‌ ناوخۆدا بكات‌و ئەگەر لامەركەزیەت لە داهاتی‌ نەوت‌و غازیشدا جێبەجێ‌ بكرێت، ئەوا بە داهاتی‌ نەوت، دەتوانرێت موچەی‌ تەواوی‌ فەرمانبەرانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ دابین بكرێت.
ئاماژەی بەوەكرد، كۆی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم لە مانگێكدا (860) ملیار دینارە، وەزارەتی‌ سامانە سروشتییەكانیش لەماوەی‌ شەش مانگی‌ رابردودا، بە بەهای‌ (3) ملیار دۆلار نەوتی‌ فرۆشتوە، بەو بڕە پارەیە، دەتوانرێت تەواوی‌ موچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێم دابین بكرێت.