داھاتی ھەناردەی نەوتی نیوەی یەکەمی ئەمساڵى ھەرێمی کوردستان ئاشکرا کرا

 بەپێی داتاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ھەرێمی کوردستان، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان و شاری کەرکووک فرۆشراوە، داھاتەکەشی نزیکەی دوو ملیار و ٧٥٠ ملیۆن دۆلار بووە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان مانگانە داتای بەرھەمھێنان و فرۆشتن و داھاتی نەوتەکەی بڵاودەکاتەوە, بەپێی راپۆرتەکان لە مانگی یەکی ئەمساڵدا تێکڕای ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە بەرزترین ئاستدا بووە و گەیشتووەتە ٢٢ ملیۆن و ٢٥٦ ھەزار و ١٣١ بەرمیل کە رۆژانە دەکاتە ٧١٧ ھەزار و ٩٣٩ بەرمیل. بەڵام لەو بڕە ١٨ ملیۆن و ٦٥٦ ھەزار و ١٣١ بەرمیل ھەناردە کراوە، واتە ٦٠١ ھەزار و ٨١١ بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا. ھەر لەو مانگەدا سێ ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار بەرمیل بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکارھاتووە.
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا تەنیا یەک رۆژ ھەناردەکردنی نەوت وەستاوە، ئەویش بەھۆی کونکردنی بۆڕیی نەوتی کوردستان – جەیھان بوو. بەپێی راپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، داھاتی ئەو نەوتەی لە مانگی کانوونی دووەمدا فرۆشراوە ٦٥٠ ملیۆن دۆلار بووە کە ٧٥ ملیۆن دۆلاری بۆ حەقدەستی کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکانی نەوت تەرخان کراوە. پوختەی داھاتی ماوە بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان ٥٧٥ ملیۆن دۆلار بووە.
بەرھەمھێنانی نەوتی کوردستان لە مانگی شوباتدا بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزی، ئەویش دوای ئەوەی ھەناردەی نەوتی کوردستان بۆ ماوەی ١٣ رۆژ لەو مانگەدا راگیرا. لە مانگی دووەمی ئەمساڵدا تێکڕای بەرھەمھێنان ١٣ ملیۆن و ٧٥١ ھەزار و ٩٤٤ بەرمیل نەوت بووە کە رۆژانە ٤٧٤ ھەزار و ٢٠٤ بەرمیل بووە، بە بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم ئاستی بەرھەمھێنان بە رێژەی ٤٠% کەمی کرد.
لەو بڕە نەوتەی لە مانگی دووی ئەمساڵدا بەرھەم ھاتووە ١٠ ملیۆن و ١٥١ ھەزار و ٩٤٤ بەرمیلی ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان کراوە، کە تێکڕای رۆژانە دەکاتە ٣٥٠ ھەزار و ٦٧ بەرمیل. ھاوشێوەی مانگی پێشتر، بڕی ٣ ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە نێوخۆدا بەکاربراوە کە دەکاتە ١٢٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ھۆکاری دابەزینی ئاستی بەرھەمھێنان لە مانگی شوباتدا ھێرشکردن بوو بۆ سەر بۆڕیی نەوتی کوردستان لە دیوی تورکیاوە، ئەمەش زیانی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دا.
لە مانگی شوباتدا تێکڕای داھاتی نەوت ٣٠٣ ملیۆن و ٩٤٣ ھەزار و ٤٣٣ دۆلار بووە، بەڵام ٧٠ ملیۆن و ٩٣٣ ھەزار و ٤٣٣ دۆلاری دراوە بە کۆمپانیاکانی نەوت لە کوردستان. ھەروەھا لەو بڕە پارەیە ١٠٠ ملیۆن دۆلار پارەی پێشەکیی فرۆشتنی نەوت بووە.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە مانگی شوباتدا ھیچ ئاماژەیەک بەو نەوتە نەکرابوو کە لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووکەوە ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان کرابوو، لە سەرەتای مانگی ئاداریشدا وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری دا کە ھەناردەکردنی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی بابەگوڕگوڕ و خەبازە و جەمبور کە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە بەڕێوەدەبردرێن، لەڕێی بۆڕیی کوردستانەوە رابگیرێ.
ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە مانگی ئاداردا لە مانگی شوبات باشتر نەبووە و بگرە خراپتر بووە، لەو مانگەشدا وەستانی ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ ماوەی ١٢ رۆژ بەردەوام بووە. بەپێی راپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لە مانگی ئاداردا ١٣ ملیۆن و ٧٤٨ ھەزار و ٤٨٧ بەرمیل نەوت بەرھەم ھاتووە کە دەکاتە ٤٤٣ ھەزار و ٤٩٩ بەرمیل لە رۆژێکدا.
لەو بڕە نەوتەی لە مانگی ئاداردا بەرھەم ھاتووە ١٠ ملیۆن و ١٤٨ ھەزار و ٤٨٧ بەرمیل ھەناردە کراوە و ٩ ملیۆن و ٢٣٢ ھەزار و ٣١٧ بەرمیلی لێ فرۆشراوە. حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداردا لە فرۆشی نەوتەکەی ٥٥٧ ملیۆن و ٢٧٢ ھەزار و ١٧٧ دۆلاری دەستکەوتووە، بەڵام لەو بڕە پارەیە ٣٠٥ ملیۆن دۆلاری پارەی پێشەکیی فرۆشتنی نەوت بووە. ھەر لە مانگی ئاداردا بڕی ٣٦ ملیۆن و ١٤ ھەزار و ١٧٧ دۆلار دراوە بە کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی نەوت لە کوردستان.
بەڵام تێکڕای بەرھەمھێنانی نەوت لە مانگی نیساندا بەراورد بە مانگی ئادار بە رێژەی ٢٧% بەرزبووەتەوە، بڕی بەرھەمھێنانیش ١٨ ملیۆن و ٩٥٦ ھەزار و ٦٥١ ھەزار بەرمیل بووە کە دەکاتە ٦٣١ ھەزار و ٨٨٨ بەرمیل لە رۆژێکدا.
لەو بڕە نەوتەی لە مانگی نیساندا بەرھەم ھاتووە ١٥ ملیۆن و ٣٥٦ ھەزار و ٦٥١ بەرمیلی لە رێگەی بۆڕیی نەوتی کوردستانەوە رەوانەی بازاڕەکانی جیھان کراوە. بەڵام ١٤ ملیۆن و ٢٤١ ھەزار و ٧١٤ بەرمیلی لێ فرۆشراوە، ھەروەھا ملیۆنێک و ٢٥ ھەزار و ٨٢٨ بەرمیل نەوتیش بە کڕیارێکی نەوتی کوردستان دراوە کە ساڵی ٢٠١٥ پێشەکیی پارەی دابوو.
تێکڕای داھاتی نەوتیش لەو مانگەدا ٣٧٦ ملیۆن و ٣٩٥ ھەزار و ٩٠١ دۆلار بووە. لەو بڕە پارەیەش ٥٨ ملیۆن و ٨٩٥ ھەزار و ٩٠١ دۆلاری حەقدەستی کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی نەوت بووە.
لە مانگی ئایاردا ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت بە بەروارد بە مانگی نیسان بەرێژەی ٢% بەرزبووەتەوە. ئاستی بەرھەم لەو مانگەدا ١٩ ملیۆن ٥٠٤ ھەزار و ٢٧١ بەرمیل بووە کە دەکاتە ٦٢٩ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
لەو بڕە نەوتەی لە مانگی ئایاردا بەرھەم ھاتووە ١٥ ملیۆن و ٩٠٤ ھەزار و ٢٧١ بەرمیلی لە رێگای بۆڕیی نەوتی کوردستان – جەیھانەوە رەوانەی بازاڕەکانی جیھان کراوە و فرۆشراوە، ھەر لەو مانگەدا ٣ ملیۆن و ٧٩٧ ھەزار و ٤٦١ بەرمیل نەوت دراوە بەو کڕیارانەی کە پێشەکی پارەیان داوە.
سەبارەت بە داھاتی نەوتیش لە مانگی ئایاردا، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ٣٩٠ ملیۆن و ٧٤٨ ھەزار و ٩٥٧ دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوتووە. لەو پارەیەش ٧٥ ملیۆن و ٢٦٢ ھەزار و ٨٥٦ بەرمیل نەوت دراوە بە شەش کۆمپانیای بەرھەمھێنەری نەوت.
سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا راپۆرتی ھەناردەکردن و داھاتی نەوتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە مانگی حوزەیراندا بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەپێی داتای سەرچاوەکانی گواستنەوەی دەریایی بێت، ئاستی ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان دابەزیوە و رۆژانە ٤٨٠ ھەزار بەرمیلە.
لەسەر بنەمای سەرچاوەکانی گواستنەوەی دەریایی، ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی کوردستان لە مانگی حوزەیران لە ١٩ ملیۆن بەرمیل نەوت کەمتر بووە و تەنیا ١٥ ملیۆن بەرمیلی ھەناردە کراوە.
لەسەر بنەمای ئەو داتایە لە ماوەی مانگی رابردوودا حکومەتی ھەرێمی کوردستان کەمتر لە ١٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی ھەناردەی بەندەری جەیھان کردووە و بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش لە مانگی رابردوو، پێشبینی دەکرێت داھاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ مانگی رابردوو لە نێوان ٤٠٠ تا ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بێت.
 
کۆی گشتی داھات، بەرھەمھێنان و ھەناردەی نەوتی کوردستان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا:
بەرھەم:١٠٦,٧١٧,٤٨٤   بەرمیل
ھەناردە:٨٥,٧١٧,٤٨٤  بەرمیل
بەکارھێنانی ناوخۆیی: ٢١,٦٠٠,٠٠٠ بەرمیل
داھات:٢,٧٢٨,٣٦٠,٤٦٨  دۆلار
حەقدەستی کۆمپانیاکان: ٣٧٤,١٠٦,٣٦٧ دۆلار
قازانجی پوختە:٢,٣٥٤,٢٥٤,١٠١  دۆلار