ئەزوەر مەحمود: بەراورد بەچەند مانگی رابردوو جموجۆڵی بازرگانی لە مەرزی باشماخ كەمیكردووە

لە خاڵی سنوری باشماخەوە رێژەی چوونەدەرەوەی گەشتیاران زیادیكردووە و لە بەرامبەردا ئاستی هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان كەمیكردووە.
نەقیب دلێر فەرەج – لێپرسراوی بنكەی نشینگەی خاڵی سنووری باشماخ بە كەناڵی گەلی كوردستانی راگەیاند: بەبەراورد بە ساڵانی پێشوو هاتنو چوونی گەشتیاران لە دەروازەی باشماخەوە لە رۆژانی جەژندا زیادیكردووە، بەڵام ژمارەی ئەو كەسانەی لە ئێرانەوە سەردانی هەرێمی كوردستانیانكردووە كەمترن لەو كەسانەی لەهەرێمی كوردستانەوە چووەنەتە ناوچەكانی وڵاتی ئێران، بە جۆرێك لە ماوەی سێ‌ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا هەزار و 375 كەس هاتوونەتە ناو هەرێمەوە و لە بەرامبەردا 2 هەزار و 722 كەس چوونەتە دەرەوە.
لە لایەكی ترەوە ئەزوەر مەحمود- سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ رایگەیاند: بەبەراورد بەچەند مانگی رابردوو جموجۆڵی بازرگانی لە سنورەكەیاندا كەمیكردووە، هۆكارەكەشی گەڕاندەوە بۆ ئەو رێكارە یاسایی و داراییانەی لەگەڵ بازرگاناندا دەگیرێتەبەر، چونكە لە دەروازەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق كارئاسانی بۆ بازرگانان دەكرێت و بەوهۆیەشەوە بەشی زۆری بازرگانەكان شمەكەكانیان لە خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە هاوردە ناكەن.