عێراق ھەناردەی نەوت دەگەیەنێتە ٤ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا

بەرپرسانی کەرتی نەوتی عێراق پێشبینی دەکەن تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٦، ھەناردەی نەوتی خاوی کیڵگەکانی باشوور لە دەوروبەری ٣ ملیۆن و ١٦٢ ھەزار بەرمیل بێت لە رۆژێکداو بەغداد پلانی دارشتووە بۆ زیادکردنی ئاستی بەرھەم ھێنان لە ساڵی ٢٠١٧دا بۆ ٤ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

لەوبارەیەوە “حەیان عەبدول غەنی” بەرێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی باشوور لە لێدوانێکدا بەئاژانسی ھەواڵی روێتەرزی رایگەیاندبوو، بەھۆی نۆژەنکردنەوەی دامەزراوە نەوتییەکان و زیادبوونی خواست لەسەر سوتەمەنی پێویست بۆ بەرھەم ھێنانی وزەی کارەبا لەسەرەتای ئەم مانگەوە ھەناردەی نەوتی خاوی کێڵگەکانی باشوور بۆ ٣ ملیۆن و ١٦٢ ھەزار بەرمیل کەمیکردووە، پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەم ساڵ ھەناردەی کێڵگەکانی باشوور لەو ئاستەدا بمێنێتەوە.

بەرێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باشوور ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ سەرەتای وەرزی ھاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما خواست لەسەر نەوتی خاو لەلایەن وێستگەکانی بەرھەم ھێنانی کارەباو پاڵاوتگەکانی ناوخۆ بۆ ٥٥٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادیکردووە لەکاتێکدا کە مانگەکانی پێشووتر تەنھا ٤٤٠ ھەزار بەرمیل بۆ پێداویستی ناوخۆ خەرج دەکرا.

بەرپرسەکەی عێراق ئەوەشی ئاشکراکرد ، بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ رووداوە چاوەروان نەکراوەکان و تێکچوونی لەناکاوی کەش و ھەوا ، بەغداد بەنیازە لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠١٨دا توانای ئەمبارکرنی نەوت لەبەندەرکانی باشوور لە ١١ ملیۆن بەرمیلەوە بۆ ١٤ ملیۆن بەرمیل زیادبکات و ھەروەھا پلانی دارشتووە بۆ کارپێکردنی چوار سەکۆی ھەناردەکردنی نەوت لە بەندەری بەسرەو زیادکردنی ھەناردەی نەوت بۆ چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

سەرەرای خەرجییەکانی شەری داعش و کەمکردنەوەی وەبەرھێنان لەکێڵگە نەوتییەکان، بەرھەمی نەوتی عێراق خێراترین بەرزبوونەوەی تۆمارکردبوو لە ساڵی ٢٠١٥داو ئاستی ھەناردەی رۆژانەی نەوتی بەغداد ٥٠٠ ھەزار بەرمیل زیادیکردبوو.

لە ئێستادا عێراق کە دووەم گەورە بەرھەمھێنی نەوتی خاوە لە رێکخراوی ئۆپێک لە وتوێژدایە لەگەڵ ھەردوو کۆمپانیای نەوتی ئیکسۆن مۆبیل و پترۆچاینا بۆ خەرجکردنی چەند ملیار دۆلارێک لە پێشخستنی ھەردوو کێڵگەی نەوتی ئیبن عومەرو ئەرتاوی و بەرزکردنەوەی بەرھەمی رۆژانەی ئەو دوو کێڵگەیە بۆ ٥٥٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.