کەرتی گەشتوگوزار لە لوبنان چوار ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە

کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیارانی کەنداو  کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی لەسەر کەرتی کەشتوگوزاری لوبنان داناوە.
 لە ساڵی ٢٠١١ەوە کە قەیرانی سووریا دەستی پێکردووە و حزبوڵا چووەتە نێو ململانێیە سیاسییەکانەوە و میلیشیاکانی خۆی ناردووەتە سووریا، پێوەندییەکانی لوبنان و وڵاتانی کەنداو بە تەواوی تێکچووە.
ئەو تێکچوونی پێوەندییانە وایکردووە ژمارەیگەشتیارانی وڵاتانی کەنداو کە روو لە لوبنان دەکەن دابەزێت، لە کاتێکدا ساڵانی پێشتر ئەو وڵاتە ببوە بە یەکێک لە ناوەندەکانی گەشتوگوزار بۆ گەشتیارانی عەرەب.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی گەشتوگوزاری لوبنان بڵاوی کردووەتەوە، گەشتیارانی کەنداو لە ساڵی ٢٠١١ بەراورد بە ساڵێک پێشتر سەرووی ٤% دابەزیوە، ئەو دابەزینە لە ساڵی ٢٠١٢ گەیشتە ٥٧% و لە ساڵی ٢٠١٣  بۆ ٤٠% دابەزی. ئەو رەوتە لە ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ تارادەیەک کەمتر بووەتەوە و تا ئاستی ١٢% و  پاشان ٦% دابەزیوە.
لە ساڵی ٢٠١٠ ژمارەی ئەو گەشتیارانەی روویان لە لوبنان کردووە ٣٨٥ هەزار کەس بووە و ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ١٠٤ هەزار کەس کەم بۆتەوە کە دەکاتە ٧٣%. نیوەی هەمو ئەو گەشتیارانەی روویان لە لوبنان کردووە هیی سعودیەن .
لوبنان لە ساڵی ٢٠١٠ زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار داهاتی دەست کەوتووە بەڵام دوای پێنج ساڵ ئەو داهاتە بۆ سێ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دابەزیوە.