تا كۆتایی ساڵ گرانی بەنزین لەبەنزینخانە ئەهلیەكان چارەسەر نابێت

گرانبوونی نرخی بەنزین لە بەنزینخانە ئەهلیەكان وەك خۆی ماوەتەوە و تا ئێستا چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ نەدۆزراوەتەوە، جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و كانزاكانیش رایدەگەیەنێت ئەو كێشەیە رەنگە تا كۆتایی ساڵ بەردەوام بێت و ئەوكات چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ بدۆزرێتەوە.
ئەڤین عومەر، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری وزەو سامانە سروشتیەكان لەپەرلەمانی كوردستان راگەیاند: لە دوو رۆژی رابردودا لیژنەكەیان لەپەرلەمانی كوردستاندا كۆبوونەوەیەكی لەسەر بابەتی گرانبوونی بەنزین لە بەنزینخانە ئەهلیەكان سازكرد، دوای ئەوەی پەیوەندیان بە بەڕێوەبەری سوتەمەنی هەولێرەوە كرد و ئەوانیش هۆكاری گرانبوونی بەنزینیان بۆ روونكردنەوە.
وتیشی: “پێشتر لە هەولێر بەنزینی حكومی بەبێ پسووڵە دابەشدەكرد، ئەمەش وایكرد خەزانەكان بەنزینیان كەم ببێتەوە و دواجار دەستیان كردۆتەوە بەدابەشكردنی بەنزین بە پسووڵە، بەڵام ئەو پسووڵەیە پێداویستی خەڵكی پڕ ناكاتەوە بۆیە نرخی بەنزین گرانبووە”.
راشیگەیاند: وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بەڵێنی داوە تا كۆتایی ئەمساڵ كێشەی سوتەمەنی چارەسەر بكات و پاڵاوگەكان بەجۆرێك پێش بخرێن كە هەرێمی كوردستان كەمتر پێویستی بە بەنزینی دەرەوە هەبێت و لەناوخۆی خۆیدا پێداویستیەكانی پڕ بكاتەوە، بۆیە پێدەچێت تا ئەوكاتە ئەم كێشەیە وەك خۆی بمێنێتەوە.
ماوەی نزیكەی مانگێكە نرخی بەنزین لە بەنزینخانە ئەهلیەكان گرانبوونی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام تا ئێستا لایەنی حكومی هەوڵێكی جدی بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە نەداوە.
سەرچاوە – خەندان