جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان: داھاتی نەوتی ھەرێم دەچێتە خەزێنەی بەغدا

لە میانەی بەڕێوەچوونی کارەکانی دووەم رۆژی کۆنفرانسی نەوت و غازدا كە بە ئامادەبوونی ٢٨ کۆمپانیا لە شەش وڵاتی جیھان، لە شاری ھەولێر بەڕێوەچوو.
، عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان وتەیەکی پێشکەشکردو رایگەیاند: ھەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستور کاریکردووە لە بەرھەمھێنانی نەوت و غاز، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەرچی ھەرێمی کوردستان لەو بوارە دا ئەزموونێکی تازەی ھەیە، بەڵام پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستھێناوە.
جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم وتیشی: لە سەردەمی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دا، سەروەت و سامانی وڵات بۆ جەنگ و سەرکەوتکردن بەکاردەھات، بۆیە لە ئێستا دا ئێمە شانازی دەکەین کە دەتوانین داھاتی نەوت و غاز بۆ بەرژەوەندی و خۆشگوزەرانی گەلی کوردو گەلانی عێراق و بنیاتنان و بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووریی بەکاردەھێنین.
دووپاتیشیکردەوە کە گرێبەست و کارەکانی بەرھەمھێنانی نەوت و غاز بەشێوەیەکی شەفاف کراون و، سەرجەم کارەکانیش خراونەتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و ھاوکات لە ماڵپەڕی رەسمیی حکومەتی ھەرێم یش لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بڵاوکراونەتەوە.
عیماد ئەحمەد تیشکی خستەسەر پلان و سیاسەتی حکومەتی ھەرێم لە پێشخستنی بەرھەمھێنانی نەوت و غاز، لەوبارەیەوە رایگەیاند: لە ساڵی داھاتوو دەتوانین رۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە بکەین. جەختی لەوەشکردەوە کە داھاتی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم دەچێتە ناو داھاتی عێراق و سەرجەم گەلانی عێراق لێی سودمەند دەبن.
پاشان سەڵاحەدین چیمەن، جێگری وەزیری وزەی تورکیا لە وتەیەک دا ئاماژەیدا بەوە کە عێراق دەتوانێت سوود لە تواناکانی وڵاتەکەی وەربگرێت لە گەشەپێدانی ئابووریی و پێشخستنی بەرھەمھێنانی نەوت.
ناوبراو راشیگەیاند: تورکیا بایەخ بە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق دەدات.