کۆمپانیایەكی بەریتانی چاودێریی داهاتی نەوتی كوردستان دەکات

بڕیارە حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای دیلۆیت گرێبەستێک واژۆ بکەن، بەپێی گرێبەستەکە کۆمپانیای دیلۆیت وردبینی دەکات لە پرۆسەی هەناردەکردن، فرۆشتن و داهاتی نەوتدا.

 

بەپێی لێدوانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکبووەتەوە لەوەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی گەورەی جیهانی بکات، بۆ ئەوەی وردبینی لە پرۆسەی هەناردەکردن و فرۆشتن و داهاتی نەوت بکات.



تەها زەنگەنە، بریکاری وەزیری سامانە سرووشتییەکان  ڕایگەیاند “حکومەت مەبەستیەتی لەڕێگەی ئەو کۆمپانیا بەریتانیە جیهانییەوە وەڵامی گازندەی خەڵک و هەر لایەنێک بداتەوە کە تێبینیان هەیە لەسەر شەفافیەتی مەلەفی نەوت”.



دوای ئەوەی گرێبەستەکە دەکرێت راپۆرتەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کاتێك بڵاودەکرێنەوە، کە کۆمپانیای دیلۆیت وردبینی و رەزامەندیان لەسەر نیشانبدات.



حکومەت دەیەوێ لەگەڵ کۆمپانیای دیلۆیت گرێبەست بکات، کە یەکێکە لە چوار کۆمپانیا گەورەکەی جیهان لە بواری وردبینی، بەرپرسێکی گەورەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، مەبەست لەو کارە بەدیهێنانی شەفافیەتە لەبواری نەوتدا.



حکومەت دەیەوێت بەهێنانی کۆمپانیای دیلۆیت، ئەو گلەیی و گازندە چەند ساڵیە کەمبکاتەوە کە لە ناشەفافبوونی دەرهێنان، هەناردەکردن و داهاتی نەوت لێی دەگیرێت، بەڵام هێشتا ئەوانەی کە رەخنەیان لەو ناشەفاف بوونە دەگرت، مەرجیان هەیە، کە متمانە بە راپۆرتەکانی دیلۆیت بکەن.


شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی وزەو لە پەرلەمانی کوردستان “ئەوەی گرینگە ئەوەیە ئەو كۆمپانیایە سەربەخۆیی بپارێزێت و دەستی بگات بە هەموو زانیارییەكان، كۆنترۆڵیش نەكرێت لەلایەن حكومەتەوە”.
 
 
 
س/ڕووداو