نرخی نەوت به‌رزبۆوه‌

 نرخی نەوت لە دوا مامەڵەکانی رۆژی رابردوودا بەرزبووەوە، لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکانیش لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 27-4-2016 دا، بەهای ئەو کاڵا ستراتیژییە درێژەی بە بەرزبوونەوەکەیدا و ئاستی 46 دۆلاری تێپەڕاند.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە دوا مامەڵەکاندا پاڵپشتە بە بەرزبوونەوەی ئاستی متمانەی وەبەرهێنەران، هاوکات دابەزینی بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی جیهان کاریگەری ئەرێنی لەسەر بەهای ئەو کاڵا بە نرخە دروستکردووە.
هاوکات بەپێی داتاکانی پەیمانگای پێتۆڵی ئەمریکا ئاستی یەدەگی کۆگاکانی ئەمریکا بە قەبارەی 1.1 ملیۆن بەرمیل لە هەفتەی رابردوو پاشەکشەیکردووە.
لە سەرەتای مامەڵەکانی ئەمڕۆدا یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 46 دۆلار و 23 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. یەك بەرمیل نەوتی خاوی تێکساسیش لە ئاستی 44 دۆلار و 47 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.