چوار مەرزی تایبەت بەکۆڵبەرەکان کرایەوە

بەهەوڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئەو مەرزانەی کە تایبەتن بەکاری کۆڵبەری کرانەوەو لەئێستادا کەلوپەلی تیادا ڕەوانەی ووڵاتی ئێران دەکرێت.
 
سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند” پاش ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا مەرزی پەروێزخان و مەرزی تیلاکۆ کاری کۆڵبەری تیادا دەکراڕۆژانە بارێکی زۆر لەڕێگەی ئەو دوو مەرزەوە دەچووە ئێرانەوە بەڵام ماوەیەکی زۆرە لەلایەن ئێرانەوە داخراوە”.
 
وتیشی” ماوەی سێ مانگە ئێمە وەک ژووری بازرگانی سەرقاڵی کردنەوەی ئەو مەرزانەین و خۆمان سەردانی ووڵاتی ئێرانمان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆبوینەوە لەبارەی کردنەوەی ئەو مەرزانە کەکۆمەڵێک خەڵکی هەژار کاری لەسەر دەکەن”
 
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا” ماوەی سێ ڕۆژە مەرزی پەروێزخان و پشتە و سەلاسی باوەجانی و پاوە کراونەتەوە و کۆڵبەرەکان ڕۆژانە کاری لێوە دەکەن و شتومەک دەبەنە ووڵاتی ئێران، بەڵام تاکەمەرز کەماوە مەرزی تیلاکۆیە ئەو مەرزەش بەڵێنمان پێدراوە لە ماوەی چەند ڕۆژ داهاتودا دەکرێتەوە”
لەبارەی کاریگەری کردنەوەی ئەومەرزانە لەسەر کاری بازرگانی وتی” کردنەوەی ئەو مەرزانە کاریگەری یەکجار زۆری دەبێت لەهەناردە کردنی کاڵا لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران بەتایبەت ئەو کاڵایانەی لە ئەوروپاوە دێن بەشێوەیەکی زۆر دەڕوات بۆ ئێران”