بانکی جیھانی ٢ ملیار دۆلار دەداتە کوردستان

 
بڕیار وایە بەم نزیکانە بانکی جیھانی بە ھاوکاری نەتەوەیەکگرتووەکان پارە و کۆمەکی دارایی پێشکەش بە ھەرێمی کوردستان بکات, بەرپرسێکی حکوومەتیش ئاشکرای دەکات راپۆرتێکیان لەسەر بارودۆخی کوردستان داوەتە بانکەکە ئەویش کاریگەری لێکردوون.
 
د.حەکیم موختار راوێژکاری ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کورستان بە باسی ڕاگەیاند, پێش ئەوەی  وەفدەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان و بانکی جیھانی سەردانی کوردستان بکەن ڕاپۆرتێکیان لەسەر بارودۆخی دارایی و  دۆخی ئاوارەکان  بە بانکی جیھانی دابوو، گوتی: بانکی  جیھانی(ۆرلد بانک) پارە و ھاوکاری پێشکەش بە ھەرێمی کوردستان دەکات و ڕاپۆرتەکە  کاریگەری ھەبووە، بەم  نزیکانە  بانکی جیھانی پارەیەکی زۆر دەداتە ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەوان لەوە تێگەیشتوون کە کوردستان ڕۆڵی زۆرگرنگە لە ناوچەکە بە تایبەت لە شەڕی داعش و پەناگەیەکی ئارامە بۆ ئاوارەکان و پارەیەکی زۆریشی لەبواری خزمەتی مرۆیی خەرجکردووە.
 ڕۆژی ٢٦ ئاداری ئەمساڵ سەرۆکی بانکی جیھانی بانکی  ھاورێ  لەگەڵ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ھەولێریان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کوردستان کۆبونەوە.
حەکیم  موختار ڕوونی کردەوە بانکی جیھانی تاوتوێی چۆنیەتی پێدانی پارە و ھاوکاری بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات و بەم نزیکانە بڕیاری لێ دەدرێت، گوتیشی: زانیاریم  لە بەرپرسانی  بانکەکە وەرگرتووە بەم نزیکانە ئەوان سەرەتا ٢ ملیار دۆلار دەدەنە کوردستان پاشانیش پارەی زیاتریش دەنێرن ئەوەش بۆ خەڵک و حکوومەت زۆر گرنگە بەتایبەت لەم  قەیرانە داراییەدا، جارێک روون نەبۆتەوە پارەکە  ھاوکاری  دەبێت یانیش قەرز دەبێت.
بانکی جیھانی لە ساڵی ١٩٤٤ دامەزراوە بارەگای سەرەکی لە واشنتۆنە و یەکێکە لە ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەرکی گەشەپێدان و ھاوکاریی داراییە، بە تایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی کە پێویستیان بە ھاوکاریە ولە دۆخی جەنگ و قەیراندان.