کۆبوونەوەی وڵاتانی بەرهەم هێنی نەوت لە دەوحە بێ ئەنجام کۆتاییهات

دوای پێنج كاژێر، کۆبوونەوەی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە دەوحە بەبێ ئەنجام، کۆتاییهات.
وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە ناو رێکخراوی ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێك هەوڵیاندا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەبڕی بەرهەمهاتووی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا جێگیر بكەن.
هەرچەندە ماوەی پێنج كاژێر كۆبوونەوەی وڵاتانی نێو ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێك بەردەوام بوو، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن بۆ سڕکردنی بەرهەمهێنانی نەوت.
بەپێی زانیارییەكان وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت تاوەكو مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ کۆبوونەوەی دیکە ئەنجام نادەن.
دوای كۆبوونەوەكە، وەزیری نەوتی عومان رایگەیاند، وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت پێویستیان بە کاتی زیاترە.
بەهەمانشێوە، وەزیری نەوتی نایجیریاش گوتی “هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەییشتن بە رێککەوتن”.
لای خۆیەوە وەزیری نەوتی قەتەر رایگەیاند، وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لەگەڵ یەکدی گفتوگۆ دەکەن و چاوەڕێ‌ دەکەن هاوسەنگی بۆ بازاڕ بگەڕێتەوە.
گوتیشی “ئێران مافی خۆیەتی بەرهەمهێنانی نەوت کەم نەکاتەوە”.