سعودیە مەرجی هەیە بۆ سڕکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت

شازادە محەممەدی کوڕی شا سەلمان رایگەیاند، وڵاتەکەی هەر کاتێک بیەوێت دەتوانێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی لە درێژخایەندا دوو هێندە بەرزبکاتەوە، ئەوەش وەک مەترسییەک لەبەردەم کۆبوونەوەکەی دەوحە چاوی لێدەکرێت.
شازادە محەممەد پابەندبوونی وڵاتەکەی كە گەورەترین وڵاتی هەناردەكاری نەوتە، بە سڕکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەستووەتەوە بە پابەندبوونی وڵاتانی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوت بەتایبەتی ئێران، کە کۆمەڵێک کێشەی جیۆسیاسی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە.
لەبەرامبەردا ئێران رایگەیاندووە، هیچ نوێنەرێک نانێرێت بۆ كۆبوونەکەی دەوحە و نایەوێت واژۆ لەسەر هیچ رێككەوتنێك بكات. بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران پشتیوانی خۆی بۆ هەرچەشنە رێککەوتنێک لە کۆبوونەوەکەی بەرهەمهێنەرانی نەوت لە دەوحە راگەیاند، بەڵام دووپاتیکردەوە بەرگری لە پشکی خۆیان دەكەن لە بازاڕی نەوتدا.
زەنگەنە راشیگەیاند، ئەگەر ئێران پابەندبێت بە سڕکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ئەوا وڵاتەکەی هیچ سوودێک لە لادانی گەمارۆ ئابوورییەکان نابینێت. بەگوتەی وەزیری نەوتی ئێران، ئەو وڵاتە هیچ کات فاکتەرێک نەبووە بۆ ناهاوسەنگکردنی بازاڕی نەوت و ئەو کاتەی  خستنەڕووی نەوت زیاتربووە لە خواست، ئێران کەمترین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەبووە.
زەنگەنە هۆکاری نەناردنی نوێنەری ئێرانی لە کۆبوونەوەکەدا ئاشکراکرد و رایگەیاند، سەرەتا نیازیان وابووە بۆ پشتگیریکردنی کۆبوونەوەکە نوێنەری خۆیان بنێرنە قەتەر، بەڵام لەبەرئەوەی نایانەوێت هیچ رێککەوتنێک واژۆبکەن، لە بڕیارەکەی خۆیان پاشگەزبوونەتەوە.
شرۆڤەکارانی وزە پێیانوایە ئەم لێدوانانی شازادە محەممەد مەترسی دروستدەکات بۆ هەوڵەکانی بەرهەمهێنەرانی ئەندام لە ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێک، کە بڕیارە رۆژی یەكشەممە 17-4-2016  بابەتی سڕکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت وەک هەوڵێک بۆ بەرزکردنەوی نرخی نەوت تاووتوێ بکەن.
سەرەرای ئەوەش بەرپرسانی رووسیا رایانگەیاندووە، هیواداران لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بگەنە رێككەوتن بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی ئێران. رۆژی یەكشەممە 17-4-2016، 15 وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆببنەوە بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت بدۆزنەوە. ئەمە لەكاتێكدایە نرخی نەوت لە 20 مانگی رابردوودا نزیکەی 60% ی بەهای خۆی لەدەستداوە.