عێراق دەیەوێت ھاریکاری دارایی لە وڵاتانی کۆمەک بەخش وەربگرێت

عێراق بەشداری کرد لە کۆبوونەوەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتیدا کە لە واشنتۆن بەرێوەچوو،لەو کۆبوونەوەیەدا وەفدی عێراق بە سەرۆکایەتی ھۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق و بە ئامادەبوونی شارەزایانی وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی عێراق و باڵیۆزی عێراق لە واشنتۆن بەشدار بوون.
 
تیایدا گفتوگۆ کرا لەبارەی یارمەتیدانی عێراق لەو قەیرانە داراییەی کە روبەرووی بۆتەوە، وڵاتانی کۆمەک بەخش و ئاژانسە مرۆییەکانیش ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون بەمەبەستی کاراکردنەوەی دەستپێشخەری پێشکەش کردنی ھاریکاری دارایی بۆ ئەو وڵاتانەی کە قەیرانی سوریا کاری تێکردوون ھەریەک لە ژاپۆن و فەرەنسا و ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا و کەنەدا ئامادەییان پیشانداوە کە بەشداری لەو دەستپێشخەرییەدا بکەن.
 
جێی ئاماژەیە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو قەیرانە داراییەی کە تێی کەوتووە عێراق دەیەوێت قەرزی نێودەوڵەتی بکات شارەزایانی ئابووریش پێیان وایە لە سایەی ئەو بارودۆخە سیاسییەی کە ئێستا عێراقی پێدا تێپەر دەبێت قورسە عێراق بتوانێت قەرزی نێودەوڵەتی وەربگرێت چونکە ناتوانێت گرەنتی دانەوەی قەرزەکان بکات و پابەندی مەرجەکانی وەرگرتنی قەرز ببێت.