ھەرێمی کوردستان و ئێران رێککەوتنێک لە بواری فرۆشتنی نەوت ئیمزا دەکەن

 لەوبارەیەوە “نازم عومەر” نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە تاران رایگەیاند، لە ھەنگاوی یەکەمدا رێککەوتنەکە کۆتایی ھاتووە و لێکتێگەیشتنەکە ئامادەکراوە و وەزارەتی نەوتی ئێرانیش داوای کردووە پێویستە لە ماوەی مانگێکدا ئەو رێککەوتنە کۆتایی بێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کارەکانی تری ئەو رێککەوتنە دەمێنێتەوە بۆ وەڵامدانەوەی حکومەتی ھەرێم لەسەر ئەو پرسە.
 
“نازم عومەر” ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە دانیشتنەکانی نێوان ئێران و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم دا، حکومەتی ھەرێم ئامادەیی پیشانداوە لە رێگای بۆڕی و تەنکەرەوە پێداویستییەکانی ھەردوو پاڵاوتگەی “کرماشان و تەبرێز” دابین بکات، لە قۆناغی داھاتووشدا ئەگەر لە توانادا ھەبوو پێداویستی پاڵاوتگەکانی “تاران و ئەراک”یش دابین بکات.
 
“نازم عومەر ” وتیشی، بڕیارە لە قۆناغی یەکەمدا رۆژانە ٣٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رێگای تەنکەرەوە دابین بکرێت، دوای ئەوەش ھەوڵ دەدرێت بۆڕی لەنێوان ئێران و ھەرێمی کوردستان رابکێشرێت، بەپێی رێککەوتنەکەش راکێشانی بۆڕی لە خاکی کوردستان بودجەکەی لەسەر ھەرێم و لە خاکی ئێران بودجەکەی لەسەر حکومەتی تاران دەبێت.
 
نوێنەری حکومەتی ھەرێم لە تاران ئەوەش ڕوندەکاتەوە کە لەو کۆبوونەوەیدا جەخت لەوەشکراوەتەوە لە بواری گازیشدا ھاوکاری ھەرێم بکرێت، ئێرانیش ئامادەیی دەربڕیوە بۆڕی گازەکانی خۆی بە ھەرێمەوە ببەستێتەوە.