هاوردەى شمەکى دەرەکى، کارى دەستيى بەرهەمى ناوخۆ لەناودەبات

بەرهەمە دەستییەکانى گوزەری دارتاش و ئاسنگەرەکان لە سلێمانى کە پیشەسازیی ناوخۆیی و کاری دەستیە و بەسەلیقەیی و دەستڕەنگینى بەرهەمدێت، بەهۆى پشتگوێخستنى بوارەکە و هاوردەکردنەوە لەبەردەم هەڕەشەى لەناوچوون و نەماندان.
ئەو بەرهەمانە ئەگەرچى سیمایەکى کۆنیان هەیە و بوارەکانى ژوورى نوستن و کەنتۆرى نوێن و بێشکە و تەختەى حەمام و هەندێک کەرەستە و پێویستى کشتوکاڵى لەخۆدەگرێت، بەڵام تۆکمەن و بەرهەمى دەستڕەنگینى وەستاکانى خۆمانن.
 
هاوردەى کاڵا و شمەک بەرهەمى ناخۆیی لەناوبرد

“ساڵان دروستکردنی کەنتۆرێک بەشی چەندەها ساڵی دەکرد، بەڵام ئەوانەی ئێستا بەشی گواستنەوەی نێوان دوو ژوور ناکات”  ئەمە قسەی حاجی نەجمى دارتاشە کە ماوەی 30 ساڵە لەگوزەری دارتاشەکان کاردەکات و تەمەنی گەشتۆتە 70 ساڵان.
ئەو دەڵێت “جاران کاری ئێمە دۆڵاب و کەنتۆر دروستکردن بوو خەڵک زۆر داوای بەرهەمی ناوخۆی و کاری دەستی دەکرد، بەڵام ئێستا تەنها تەختەی حەمام و سندوقی بۆیاخ و مێزی جگەرە دروستدەکەین، ئەویش کەس نایکڕێت” حاجی نەجم دەشڵێت “حکومەت لەبرى ئەوەی کارگە لە شارەکەماندا زۆر بکات، بەڵام هانى هاوردەکردنى کاڵا و شمەکى دەرەکى دەدات و دەرگاى واڵاکردووە بۆیە کەس داوای بەرهەمی ناوخۆیی ناکات، هێنانی کەلوپەلی ئامادەکراو کاری ئێمەی راگرتووە”.
ئەو دارتاشە وتیشى “ساڵان ئێمە کەنتۆرێکمان دروستدەکرد، بەشی چەندەها ساڵی خێزانێکی دەکرد ئێستا ئەوانەی دەیکڕن بەشی گواستنەوەی لەژورێکەوە بۆ ژورێکی دیکە ناکات هەموی هەڵدەوەشێت”.
 
بوژانەوەى کشتوکاڵ، ئاسنگەرى و کارى دەستى دەبوژێنێتەوە

وەستا عومەر کە لە گوزەری ئاسنگەرەکان کاردەکات لەناو دوکانە بچوکەکەیدا داس و پاچ و بێڵ و خاکەناز و کۆمەڵێک پێداویستی دیکەی کشتوکاڵی دەفرۆشرێت کە زۆربەیان کاری دەستییە دەڵێت “جاران لە سلێمانیدا زیاتر لە 30 کورەچی هەبوو بەهەوڵ هیلاکی شان و باڵایان پێداویستی ئاسنیان دروستدەکرد، بەڵام لە ئێستادا تەنها 2 دانە ماوە ئەویش کەس نیە کاریان لەگەڵدا بکات و بەرەو نەمان دەچێت”.
دەشڵێت “هاتنی شتومەکى سینی و تورکی هەموو ئیشێکی دەستی وەستاندووە، چونکە خەڵک ئەوانە دەکڕێت کە دێت، زۆر گوێ بە مانەوەی ئامێرەکە نادەن گرنگ ئەوەیە کارەکەیانی پێبکەن” ئەوەشى وت “ئەگەر کشتوکاڵ ببوژێتەوە و حکومەت هاوکاری جوتیار بکات ئەوا ئێمەش کارمان باش دەبێت، بەڵام حکومەت هیچ ناکات بۆ جوتیاران بۆیە ئیشی ئێمەش کەس لێی ناپرسێت”.
 
لە ئاسنگەرییەوە بۆ چێشتخانە 
جەزا ئیسماعیل، وەستای ئاسنگەر  دەڵێت “زیاتر لە 40 ساڵە لەم گوزەری ئاسنگەرانە کارمکردووە و دوکانم هەیە، بەڵام بەهۆی نەبونی کار و نەبونى وەستای ئیشی دەستی، ناچاربووم پیشەکەم بگۆڕم و دوکانەکەم بکەم بە چێشتخانە”.
وەستا جەزا ئاماژە بەوەشدەکات “ئێستا ئیشی دەستی بەتەواوی فەوتاوە ئەو کەسانەی لەسلێمانیدا کاری جوان و دەستڕەنگینیان دەکرد نەماون و کەسیش نەیتوانیوە شوێنیان بگرێتەوە بۆیە کاری دەستی کۆتای هاتووە، هەمو شتێکمان بە ئامادەکراوی لە دەرەوە بۆ دێت کە باشیش نین”.
 
گوزەری دارتاش و ئاسنگەرەکان دەکەوێتە ناوجەرگەی شاری سلێمانی لەساڵانی رابردوودا شارەوانی هەستا بە گواستنەوەیان بۆ ناوچەی هووانە لە سەر ڕێگای عەربەت.
 
 
 
 
 
 
 
 
سەرچاوە: سایتی دواڕۆژ