پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت بگاتە ٩٠ دۆلار بۆ بەرمیلێک

گەورە کۆمپانیای نەوتی ئینی ئیتالیا پێشبینی دەکات نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو لە ماوەی سێ ساڵی داھاتوودا بۆ ٩٠ دۆلار بەرزببێتەوە.

“کلۆدیۆ دیسکالیزی” سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی ئینی ئیتالیا، لە لێدوانێکدا بەرۆژنامەی ئیقتیسادی سعودی راگەیاند، ھەوڵی وڵاتانی وەبەرھێنی نەوت زۆر گرنگەو پێویستە سوود لە کۆبونەوەی مانگی ئاداری داھاتوو ببینرێت بۆ سەقامگیرکردنی بازارەکان و پشتیوانی کردن لە پیشەسازی نەوت لە جیھاندا.

دیسکالیزی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠١٥دا لێدانی بیری نوێی نەوت لە ئەمریکا بەرێژەی ٤٠% کەمیکردووەو وەبەرھێنان لە کیڵگە تازەکان بەرێژەی ١٥% دابەزیوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت خستنەرووی نەوت کەم بکات و نرخی یەک بەرمیل نەوت لەماوەی سێ ساڵی داھاتوودا بەرزببێـەوەو بگاتە نێوان ٨٠ بۆ ٩٠ دۆلار.

سەرۆکی کۆمپانیای ئینی ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئاست نزمی نرخی نەوت و کەمکردنەوەی وەبەرھێنان لە کێڵگە نەوتییەکاندا، دەبنە ھۆی کەمبوونەوەی خستنەرووی نەوتی خاو لەمەودا مامناوەندو دوورو درێژەکانداو لە ئێستاشدا ناوەندی بەرھەم ھێنانی نەوتی خاو لە ئەمریکاو چەند ناوچەیەکی جیھان ساڵانە بەرێژەی ٥% کەم دەبێتەوە.

لێدوانەکانی سەرۆکی کۆمپانیای ئاینی ئیتالیا ھاوکاتە لەگەڵ لێدوانێکی وەزیری وزەی ئیمارات سەبارەت بەسەقامگیربوونی نرخی نەوت لە پێش کۆتایی ساڵی ٢٠١٦داو ھەوڵەکانی ئۆپێک بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لەماوەی چەند مانگی داھاتوودا بۆ ٥٠ دۆلار.

لەماوەی ١٥ رۆژی رابردوودا نرخی نەوتی خاو لە بازارەکانی جیھان بەرێژەی ٤٠% بەرزبۆتەوەو لە ٢٦ دۆلارەوە بۆ سەرووی ٤٠ دۆلار زیادی کردووەو گەورە شارەزایانی کەرتی وزە پێشبینی دەکەن نرخی نەوت لە ماوەی چەند رۆژی داھاتوودا زیاتر بەرزببێتەوە، بەڵام بەھۆی زۆری خستنەروو نرخەکان زۆر بەخێرا بەرز نابنەوە.