نرخی نەوت 40 دۆلاری تێپەڕاند

لە بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە هەفتەی رابردوو، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 40 دۆلاری تێپەڕاند و گەیشتە 40 دۆلار و 66 سەنت، ئەوەش دوای سێ‌ مانگ بۆ یەكەمجارە نرخی نەوت ئەو ئاستە تۆمار بكات.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 7-3-2016 نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە 40 دۆلار و 66 سەنت.
هاوكات نرخی نەوتی تەكساسی ئەمریكا گەیشتە 37 دۆلار و 63 سەنت.
لە مانگی 12ی ساڵی 2015ـەوە ئەوە یەكەمین جارە نرخی نەوت بگاتە 40 دۆلار و زياتر.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆبوونەوە ی وڵاتانی زلهێزی بەرهەمهێنەری نەوت (ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێك) و كەمبوونەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریكا.
بڕیارە كۆبوونەوەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە رووسیا، دۆحە و ڤیەننا لەنێوان 20ی ئادار بۆ 1ی نیسانى 2016 بەڕێوەبچێت.