نرخی نەوت کاریگەری لەسەر دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوەی پلاستیک هەیە

 
بەشێکی بەرچاوی پاشماوەی پلاستیکییەکان، بەکار دەهێندرێنەوە و لە بەرهەمهێنانی سندووق و کەرەستەی پێچانەوە و هەندێک بواری دیکەدا کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت.
بەڵام ئەو پیشەسازییە کە بە پیشەسازی بەکارهێنانەوە ناو نراوە، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت ئێستا بازاڕی دابەزیوە.
لە ئەڵمانیا دابەزینی نرخی نەوت کاری کردووەتە سەر کۆمپانیاکانی پیشەسازی بەکارهێنانەوە و ، ئەو کۆمپانیایانە بە سەختی دەتوانن ماددەکانیان بە نرخێکی گونجاو بفرۆشن بە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری کاڵا پلاستیکییەکان.
ئەوان دەڵێن: تا دێت بازاڕیان زیادتر دادەبەزێت و کاتێک نرخی بەرمیلێک نەوت، 30 دۆلار بێت، بەرهەمهێنانی کاڵای پلاستیکی لە نەوت، هەرزانتر دەکەوێت، بەڵام ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە نزیک 45 دۆلار بۆ ئەوان بە سوود دەبێت.
بەڵام بەو حاڵەیشەوە ئەو پیشەسازییە لە کاری خۆی بەردەوام دەبێت  .
پاشماوەی ماددە پلاستیکییەکان دەسووتێندرێن و لە بەرهەمهێنانی کارەبا و گەرمیدا کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت و 36% کەرەستەکانی، دەکرێت بە گۆڕانکارییەکی کەمەوە دووبارە بەکار بهێندرێنەوە
لە ئەڵمانیا هەر تاکێک ساڵانە 30 کیلۆگرام پاشماوەی پلاستیکی بەرهەم دەهێنێت و حکومەتی ئەڵمانیا داوای کردووە؛ پرۆسەی بەکارهێنانەوەی ماددە پلاستیکییەکان زیاد بکرێت و بگەیێندرێتە 72%.
لە بەرامبەردا کۆمپانیاکانی پیشەسازی بەکارهێنانەوە، داوایان کردووە لە نرخی وزەدا داشکاندنیان بۆ بکرێت .
حکومەتی ئەڵمانیا ئەو داواکارییە بە هاندەرێکی باش بۆ کاربەدەستانی پیشەسازی بەکارهێنانەوە دەبینێت لەپێناو زیادکردنی پرۆسەی بەکارهێنانەوەدا.