نرخی نەوت جێگیر نیە بەرز و نزمی دەکات

 
نرخی نەوت بەخیرایی بەرز و نزمی دەكات، بەشێوەیەك لە دوایین مامەڵەکانی رۆژی رابردوودا، نرخی نەوت بە رێژەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کرد، لەسەرەتای مامەڵەکانی ئەمڕۆشدا بە رەنگی سەوز دەستیپێکرد.



لەکاتی داخستنی بازاڕەکان، رۆژی سێشەممە 9-2-2016  بەهای هەر بەرمیلیک نەوت بەڕێژەی 8% دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 30 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرا، رۆژی چوارشەممەش لە سەرەتای مامەڵەکاندا بەهای هەر بەرمیلێک نزیکەی 2.5% بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 31 دۆلار و 10 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هاوکات بەهای هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی تێکساس بە 28 دۆلار و 59 سەنت مامەڵەی پێوەدەكرێت.



دابەزینی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت وەزیری دەرەوەی ڤەنزوێلا لە هەوڵەكانی شکستیهێنا بۆ بەدەستهینانی رەزامەندی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی رێکخراوی ئۆپێک و بڕیاردان لەسەر کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەپێناو گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بازاڕی جیهانی نەوت.