سامانی سەرمایەدارانى جیهان کەمبووەتەوە

 
سامانی 400 دەوڵەمەندی جیهان لە ساڵی 2015 بەبڕی 19 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ دابەزینی نرخی کاڵاکان و دابەزینی بەهای بازاڕەکانی بۆرسە دەگەڕێتەوە.
دابەزینی گەشەی ئابووری چین، کە دابەزینی بەهای کاڵاکانی بەدواوە هات، لە ساڵی  2015 سامانی دەوڵەمەندانی جیهانی کەمکردەوە.
کێن فیشەر، ملیاردێری ئەمریکی و بەڕێوەبەری ئەنیستیتۆی فیشەر کە خاوەنی 65 ملیار دۆلارە رایگەیاند، نیگەرانییەکان لەسەر دابەزینی نرخی نەوت، کەمبوونەوەی ئاستی بەکارهێنان لەلایەن بەکاربەران و دابەزینی ئابووری چین، کە دابەزینی نرخەکانی لێکەوتووەتەوە، بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی سامانی دەوڵەمەندان.
کارلۆس ئێسلیم، ملیاردەری مەکسیکی، کە لە بواری گەیاندن کاردەکات، سەرەکیترین هۆکاری دابەزینی بازاڕی بۆرسەی نیۆیۆرک بوو لە چەند رۆژی رابردوودا، بەو پێیەی بەهای پشکی کۆمپانیاکەی واتا ” ئەمەریکا موییل” بەردەوام رووی لە دابەزینە و بەڕێژەی 25% بەدرێژایی ساڵی 2015 دابەزیوە.
ئیسلیم، کە لە ساڵی 2013 دەوڵەمەندترین کەسی جیهان بوو، بڕی 20 ملیار دۆلار لە سەرمایەکەی لەدەستدا و ئێستا پێنجەمین کەسی دەوڵەمەندی جیهانە.
وارێن بافێت، سێیەمین دەوڵەمەندی جیهانیش، 11 ملیار دۆلار لە سەرمایەکەی لە دەستداوە.
بیل گەیتس، دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، کە لە ساڵی 2013ـوە بە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان دەستنیشانکراوە، ئەمساڵ سێ‌  ملیار دۆلار لە سەرمایەکەی لە دەستداوە.
400  دەوڵەمەندی جیهان تێکڕا 9.3 تریلیۆن دۆلار سەرمایەیان هەیە، کە زیاترە لە داهاتی هەموو وڵاتانی جیهان جگە لە ئەمریکا، چین و ژاپۆن.
 
ز.ر