سلێمانی: كار بە یاسای نوێی پاسپۆرت دەكرێت

ئەو كەسانەی پاسپۆرتیان وندەبێت یان خراپ دەبێت لەپارێزگاكانی خۆیان بۆیان دروستدەكرێتەوە كە پێشتر دەبوایە بچونایە بۆ بەغداد.

عەمید سالار عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاسپۆرتی سلێمانی، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “یاسای پاسپۆرتی ئەنجومەنی نوێنەران یاسای جەوازات 32/2015ی پەرلەمانی عێراق كە لەبارەی دەركردنەوەی پاسپۆرتی تەلەف و ونبوی هاوڵاتیانە لەپارێزگاكانی خۆیان دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە‌و هەر هاوڵاتییەكیش پاسپۆرتەكەی ون بوبێت دەتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، لەپارێزگای سلێمانی بۆی دەربهێندرێتەوە، یان نوێ بكرێتەوە”.

بەوتەی بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی هەر هاوڵاتیەك پاسپۆرتەكەی ون ببێت، سەرەتا لەبنكەی پۆلیسی سەرای شار سكاڵایەك تۆماردەكات و دواتر سەردانی دادگا دەكات، لەلایەن دادگاشەوە نوسراوێك ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت دەكرێت بەزمانی عەرەبی‌و دواتر ئەو نوسراوەی دادگا ڕەوانەی بەغدا دەكرێت”.

لەبارەی ئاماری دروستكردنی پاسپۆرتەوە بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاسپۆرتی سلێمانی وتی “ئاماری چاپی پاسپۆرت مانگی 112015 تاكو 1112015 بەم شێوەیە بوە “سلێمانی یەك : مانگی 1 ( 5431 ) مانگی 2 ( 8659 ) مانگی 3 ( 9225 ) مانگی 4 ( 7804 ) مانگی 5 ( 9848 ) مانگی 6 ( 8075 ) مانگی 7 ( 6600 ) مانگی 8 (16446 ) مانگی 9 ( 14800 ) مانگی 10 ( 10600 ) كۆی گشتی : 86886

سلێمانی دو : مانگی 1 ( 1697 ) مانگی 2 ( 2882 ) مانگی 3 ( 2800 ) مانگی 4 ( 2746 ) مانگی 5 ( 2208) مانگی 6 ( 2429 ) مانگی 7 ( 2023 ) مانگی 8 ( 4095 ) مانگی 9 ( 4515 ) مانگی 10 ( 3324 ) كۆی  گشتی: 25395.”.

 لەبارەی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتیش لەپارێزگای هەڵەبجە، عەمید سالار وتی “لەهەوڵێكی زۆرداین بۆئەوەی لەهەڵەبجەش بەهەمان شێوەی پارێزگاكانی تر، بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت بكرێتەوە”.

راشیگەیاند “لەو روەوە كاری زۆر كراوە، تەنانەت بیناو ئامێرو پێداویستییەكانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەش دابینكراوە، تەنها رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ماوە”.

هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا تایبەت بەكردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆت لەسنوری ئیدارەی راپەڕین بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند “بەهەمان شێوەی هەڵەبجە، لەئیدارەی راپەڕینیش بینایەك بەمەبەستی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت تەرخانكراوەو سەرجەم پێداویستییەكان و فەرمانبەرانیش ئامادەن، چاوەڕواندەكرێت لەچەند ڕۆژی داهاتودا كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی هەرێم واژۆ لەسەر بڕیارەكە بكات”.