پارێزگاری سلێمانی داوای لامەركەزیەت دەكات

 
پارێزگاری سلێمانی لەپڕۆژەیەكیدا داوای لامەركەزیەت لەئیداری‌و داراییدا دەكات بۆ پارێزگاكان و هەڵوەشانەوەی ئەو دەسەڵاتە لامەركەزیانەی كە دراون بەوەزارەتەكان.
د.ئاسۆ فەرەیدون، پارێزگاری سلێمانی پڕۆژەیەكی بۆ پەیڕەوكردنی سیستەمی لامەركەزیەت لەهەرێمی كوردستان  ئامادەكردووە، كە تیایدا دوو پێشنیاری كردووە، كە لەیەكەمیان داوادەكات دەسەڵاتی لامەركەزی ئیداری‌و دارایی بەپارێزگارەكان بدرێت بەخەرجكردنی ڕاستەوخۆی ئەو داهاتەی لەپارێزگاكەیەوە دەستی دەكەوێت، ئەمەش لەژێر ڕێنمایی وەزارەتی دارایی و بەچاودێری كردنی دیوانی چاودێری دارایی لەپارێزگاكانی هەرێم.
لەدووەم پێشنیاردا داوادەكات، هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەسەڵاتە لامەركەزیانەی كە دراوە بەوەزیر‌و وەزارەتەكان بۆ خەرجكردنی ڕێژەیەكی دیاریكراو لەداهاتەكانیان بەفەرمانی وەزیرەكان كە لەبەڕێوەبەرایەتیەكانیان لەپارێزگاكان دەستیان دەكەوێت.
بەپێ ئەو ئامارانەی لەپڕۆژەكەی پارێزگاری سلێمانیدا هاتووە كە لەوەزارەتی دارایی وەرگیراون، داهاتی هەرێمی كوردستان لە 6 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەنزیكەیی بریتیبووە لەترلیۆنێك دینار و خەرجییەكانیشی بریتیبووە لە نزیكەی 700 ملیار دینار، بەگشتی هەر پارێزگایەو لەداهاتەكەی دەتوانێت خەرجییەكانی پڕ بكاتەوە و پارەشی بۆ دەمێنێتەوە.
هاوكات لەپڕۆژەكەیدا بەوردی باس لە سودەكانی لامەركەزیەت دەكات، كە بەكورتی سودەكانی بریتین لەسەقامگیری ئابوری، عەدالەتی كۆمەڵایەتی، بەكارهێنانی تواناكان بەباشترین شێوە، تەرخانكردنی سامانی سروشتی‌و داهاتەكان بەباشترین شێوە، كۆی ئەمانە دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتوان.
 
ز.ر