“بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم ملیۆنێك بەرمیلی تێپەڕاندوە”

رێكخراوی دۆر بۆ زانیارییەكانی نەوتی كوردستان، رایدەگەیەنێت هەرێمی كوردستان لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا رۆژانە زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە و لەو بڕەش رۆژانە 980 هەزار بەرمیلی هەناردەی دەرەوە كردووە.

رێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان راپۆرتی مانگانەی خۆی تایبەت بە مانگی ئەیلوولی رابردوو بڵاودەكردەوە.

لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەكراوە بەرهەمی ناپوختی هەرێم بۆ مانگی ئەیلوولی رابردوو یەك ملیۆن و 160 هەزار بەرمیل بووە، لەو بڕە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە 980 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێكدا، لەو مانگەشدا زیادبوونی بڕی پێنج هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا تۆماركراوە، بڕی 180 هەزار بەرمیلیش رۆژانە لە نێوخۆدا بەكارهێنراوە.

لەراپۆرتەكەدا ئاماژەبەوەشكراوە، هەرێمی كوردستان، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت‌و گۆڕانی گرێبەستەكان یەك ملیارو 76 ملیۆن دۆلار زەرەری بەركەوتووە.

هاوكات ئاشكرایكردوە  هەرێمی كوردستان لە 15ی مانگی حوزەیرانی رابردووەوە تا 15ی مانگی تشرینی یەكەم بڕی سێ ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری لە پارەی نەوت وەرگرتووە.