عێراق روبەڕووی قەیرانێكی دارایی گەورە دەبێتەوە

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند حكومەتی عێراق ناتوانێت لە وادەی خۆی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2016  رەوانەی پەرلەمانی عێراق بكات و پێشبینیدەكات ساڵی داهاتوو عێراق دووچاری قەیرانێكی گەورەی دارایی ببێتەوە.

ئەحمەد حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حكومەتی عێراق ناتوانێت لە 10ی مانگی تشرینی یەكەم پرۆژەیاسای بودجەی 2016 رەوانەی پەرلەمانی عێراق بكات. ئەمەش یەكێكە لەو سەرپێچیانەی كە حكومەتی عێراق ئەنجامیدەدات.

ئەحمەد حاجی رەشید، ئاماژەی بەوەشكرد كە كورتهێنانی بودجە لە پرۆژە یاساكەدا دەگاتە 29 تریلیۆن دینار، كەئەمەش زۆرگەوەرەیە بە بەراورد بە پێوەری جیهانی كە نابێت كورتهێنان لە 15% تێپەڕ بكات. بەڵام ئەو پێشبینی دەكات كورتهێنان دوو ئەوەندەی دیكە زیاد بكات كە لە پرۆژە یاساكە دیاریكراوە.

نرخی بەرمیلێك نەوت لە پرۆژە یاسای بودجە بە 45 دۆلار جێگیركراوە و لێژنەكەشیان پشتیوانی لەو نرخە دەكات، هاوكات بودجەی بەكارخستن 30 تریلیۆن دینار.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكراشیكرد لە پرۆژەكەدا داهاتی عێراق بە 84 تریلیۆن دینار و خەرجییەكانیش بە 113 تیریلیۆن دینار خەملێنراوە، بۆیە بە دووری زانی رەوشی دارایی عێراق بەرەو باشتر بڕوات و پێشبینیش دەكات، ساڵی داهاتوو عێراق دووچاری قەیرانێكی گەورە دارایی ببێتەوە.