پشیله‌یه‌ك 3 كاتژمێر فڕینی فرۆكه‌یه‌ك دوا ده‌خات

پشیله‌یه‌ك بۆ ماوه‌ی 3 سه‌عات فڕینی فرۆكه‌یه‌ك ڕاده‌گرێت‌و كۆمپانیاكه‌ش ناچار ده‌بێت به‌ گۆڕینی فڕۆكه‌كه‌ .
پاش ئه‌وه‌ی پشیله‌یه‌ك چووه‌ به‌شی تایبه‌تی فڕۆكه‌وانه‌كانی فرۆكه‌یه‌كی سه‌ر به‌ كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی سعودیه‌‌و نه‌توانرا له‌و شوێنه‌ ده‌ربكرێت، گه‌شتی ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ بۆ ماوه‌ی 3 سه‌عات ڕاگیراو دواجار كۆمپانیاكه‌ ناچاربوو فڕۆكه‌یه‌كی تر به‌كاربهێنێت.
سه‌رچاوه‌كان ڕایانگه‌یاند: گه‌شتی هێڵی سعودیه‌ ژماره‌ (1025)، كه‌ نیوه‌ڕۆی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 26/11/2012 له‌ ڕیازه‌وه‌ به‌ره‌و جدده‌ی خۆرئاوای سعودیه‌ به‌رێده‌كه‌وت، بۆ ماوه‌ی 3 سه‌عات دواكه‌وت به‌هۆی ئه‌وه‌ی پشیله‌یه‌ك خۆی خزاندبووه‌ به‌شی تایبه‌تی فڕۆكه‌وانه‌كانه‌وه‌.
ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی پشیله‌كه‌ خۆی له‌نێوان كورسیه‌كاندا حه‌شاردابوو، هه‌روه‌ها تیمی فڕۆكه‌كه‌ش كه‌لوپه‌لی پێویستیان پێنه‌بوو، هیچ كام له‌ ئه‌ندامانی تیمه‌كه‌ نه‌یانتوانی بۆ ماوه‌ی 3 سه‌عات پشیله‌كه‌ ده‌ربكه‌ن، ناچار فڕۆكه‌كه‌یان گۆڕی به‌ فرۆكه‌یه‌كی تر.