بازرگانانی شاری هەمەدان كارەكانیان دەهێننە سلێمانی

شاندێكی بازرگانی و پیشەسازی شاری هەمەدان سەردانی شاری سلێمانیانكردوو لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كۆبونەوە و داوادەكەن هاوكاری بكرێن بۆهێنانی كارگەكانیان و پێشخستنی كەرتی بازرگانی.

سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و یاسین ڕەحیم فەرەج جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی و ژمارەیەك لە ئەندامانی ژووری بازرگانی سلێمانی پێشوازیانكرد لە شاندێكی ژووری هاوكاری شاری هەمەدان كە خۆی لەسەرۆك و كۆمەڵێك بازرگانی ئەو شارەدا دەبینیەوە.

ڕەحمان نادی سەرۆكی ژووری هاوكاری هەمەدان ڕایگەیاند كە ئەم شاندە كۆمەڵێك بازرگانی و كارخانەی بەتوانای تێدایە لەبوارە جیاوازەكانی پێداویستی ژیان كە كشتوكاڵی بێت یان پیشەسازی بێت یان خۆراكی كە ئەم بازرگانانە دەیانەوێت لەشاری سلێمانیدا كاڵاو بەرهەمەكانیان پڕفرۆش بكەن و لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی پەیوەندی زیاتر ببەستن.

لای خۆیەوە سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سیروان محەمەد لە كۆبونەوەكەدا ڕایگەیاند شاری سلێمانی یەكێكە لەو شارانەی كە فراوانە بۆ كاری بازرگانی و پیشەسازی ئەم بازرگانانەی شاری هەمەدان دەتوانن كارگەكانی بەرهەم هێنانیان بهێننە سلێمانی بۆئەوەی بتواندرێت بەشێوەیەكی باش گرنگی بە بواری پیشەسازی بدرێت و لەناوخۆی سلێمانیدا كاڵاو خۆراك بەرهەم بهێندرێت.

ئاماژەی بەوەشدا كە لە ئێستادا لەناوچەی پیشەسازی كەسەرقاڵی دروستكردنین ئەتواندرێت بازرگانانی هەمەدان داوا پێشكەشبكەن بۆ وەرگرتنی زەوی لەو ناوچەیە و دانانی كارگەی گەورە لەشارەكەمان تابتوانین بەرهەمی ناوخۆی زۆربكەین و هەلی كار زۆربكەین بەشێوەیەكی فراوان.

لەكۆتایی كۆبونەوەكەدا بازرگانانی شاری هەمەدان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەوەی ژووری بازرگانی سلێمانی پێشوازی لێكردن و هیوایانخواست كە پەیوەندیەكانیان زیاتر پتەو بكرێت لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی.