بانكی ناوەندیی دابەزینی بەهای دینار بەدور نازانێت

بانكی ناوەندی عێراق رایدەگەیەنێت عێراق خاوەنی یەدەگی دارایی بیانیە، بەڵام لەگەل ئەوەشدا دابەزینی بەهای دینار بەدور نازانێت.

عەلی موحسین عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق لەلێدوانێكیدا رایگەیاندوە؛ هەرچەندە بانكی ناوەندی خاوەنی یەدەگی دارایی بیانییە، بەڵام دابەزینی نرخی دیناری عێراقی، بەدور نازانین، چونكە پاشەكشەكردنی نرخی نەوت و خەرجییەكانی شەڕی داعش، كاریگەرییان لەسەر ئابوری عێراق دروستكردوە.

عەلاق، باسی لەوەشكردوە كە كورتهێنانی بودجە لە ماوەی ئەمساڵدا، كەمترە لە بڕی (20) ملیار و (900) ملیۆن دۆلار.

لای خۆیەوە، ژان میشال سلبیا، ئابوریناس لە بانكی ئۆف میریل لینشی ئەمریكا، پێیوایە هەرچەندە بانكی نیشتمانی ئیمارات كە گەورەترین بانكە لە دوبەی، دڵنیایی ئەوەی داوە كە دیناری عیراقی پارێزگاری لەنرخەكەی خۆی دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دیناری عیراقی یەكێكە لەو دراوانەی كە زۆرترین ترسی لەسەرە.