سنورى ئیبرایم خەلیل نەکراوەتەوە

 
تائێستا سنورى ئیبراهیم خەلیل داخراوە و نەتواندراوە بازرگانان شتومەکەکانیان بگەیەننە خاکى کوردستان کە بە هەزاران ئۆتۆمبێلى بارهەڵگرى شتومەکى بازرگانى ڕاوەستاوە.
بورهان على ئەندامى ئەنجومەنى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى ڕایگەیاند” ڕۆژى یەکشەممە سنورى ئیبراهیم خەلیل بۆچەند کاتژمێرێک کرایەوە بەڵام دواتر داخرایەوە و لە ئێستاشدا زیاتر لە 2000 هەزار ئۆتۆمبێلى بارهەڵگرى بازرگانى گیریانخواردووەو ڕێگەیان پێنادرێت بێنە کوردستان”
وتیشى” داخستنى ئەم سنورە کاریگەریەکى گەورەى دەبێت لەسەر ڕەوشى بازرگانى و ئابورى لە شارەکانى هەرێمى کوردستاندا بۆیە پێویستە هەوڵبدرێت کە ئەوسنورە کارەکانى بەردەوامبێت تا بتواندرێت خۆراک و پێداویستیەکانى هەرێم پەکیان نەکەوێت و بێنە خاکى کوردستانەوە”
ئەندامەکەى ئەنجومەنى ژوورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى جەختدەکاتەوە کە لە ئێستادا ئەو بازرگانانەى شتومەکەکانیان ماوەى چەندڕۆژێکە لەو سنورەدا گیریان خواردووە ڕێڕەوەکەى بگۆڕن و لە  سنورەکانى ترى ئیَرانەوە بیگەیەننە کوردستان.
بەهۆى ئەو ئاڵۆزیانەى شارەکوردستانیەکانى تورکیاى گرتۆتەوە لە ئێستادا هێزە سەربازیەکانى تورکیا مانۆڕى سەربازى لەو شارە کوردیانە ئەنجام دەدەن و هەمو جوڵەیەکیش ڕاوەستاوە.