دەستەی گەشتوگوزار: هاتنی گەشتیار بۆ هەرێم زیادی كردوە

دەستەی‌ گەشتوگوزاری‌ هەرێمی‌ كوردستان رایدەگەیەنێت “لەدوای‌ جەژنی‌ رەمەزانی‌ ئەمساڵەوە هاتنی‌ گروپە گەشتیارییەكان بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان رووی لە زیادبوون كردووە.

نادر رۆستی‌ وتەبێژی‌ دەستەی‌ گەشتوگوزاری‌ هەرێمی‌ كوردستان رایگەیاند: “دوای هاتنی داعش ژمارەی گەشتیاران دابەزی، بۆ ئەوەی زیاتر دانەبەزێت دەستەی گشتی گەشتوگوزاری‌ هەرێمی‌ كوردستان لەڕێگەی پلانێكی تایبەت ژمارەیەك چالاكی بۆ هێنانی گروپی گەشتیاری  دەستپێكرد وەك كۆكردنەوەی كۆمپانیاكانی گەشتیاری هەرێم لەگەڵ كۆمپانیای گەشتیاری توركیا و ئێران و عیراق، دواتر بەشداری لە چەند پێشانگایەكی جیهانی كرد بۆ پەیوەندیكردن بە داموٍدەزگاكانی هەرێمەوە و سەرەنجام لە بازگەكان كارئاسانی بۆ هێنانی گروپی گەشتیاری كرا”.

نادر رۆستی‌ ئاماژەی بەوەشكرد “دوای‌ ئەو هەوڵ و كارئاسانیانە لەئێستادا و بەتایبەت لەدوای‌ جەژنی‌ رەمەزانەوە هاتنی‌ گروپە گەشتیارییەكان روویان لە زیادبوون كردووە و لەهەوڵی‌ ئەوەداین كە رێژەكە زیاتر بكەین”.

وتەبێژی‌ دەستەی‌ گەشتوگوزاری‌ هەرێم ئاشكراشیكرد “سروشتی‌ كوردستان جوان و سەرنجڕاكێشە و گەشتیاران بە بینینی‌ دڵخۆشن و بەردەوام پرسیار لە گەشتیاران دەكەین زۆربەی‌ گەشتیاران دڵخۆشبوونە بە هاتنیان بۆ كوردستان و پەشیمان نەبوونە ئەمەش مایەی‌ خۆشحاڵی‌ ئێمەیە”.