ئەردەن لەڕێگەی كوەیتەوە كاڵاكانی بۆ عێراق دەنێرێت

سەرۆكی كۆمەڵەی هەناردەكارانی ئوردن ئاشكرایدەكات، وڵاتەكەی لە رێگەی كوەیتەوە شمەك و كاڵاكانی رەوانەی عێراق دەكات.

عومەر ئەبو وەشاح، سەرۆكی كۆمەڵەی هەناردەكارانی ئوردن رایگەیاند: وڵاتەكەی لەرێگەی كوەیتەوە شمەك و كاڵای خۆی رەوانەی عێراق دەكات و بەكردەوەش ئۆتۆمۆبێلە بارهەڵگرەكانی ئوردن دەستیان كردوە بە گواستنەوەی كەلوپەلی هەناردەكروی وڵاتەكەیان بێ ئەوەی ئەو بارانە لەكوەیت دابگیرێن و پاشان بەرەو عێراق بگوازرێنەوە، بەڵكو راستەوخۆ بارە هەناردەكراوەكان دەگەیەنرێنە عێراق.

بەوتەی وەشاح، ئەو كارئاسانیە لایەنە پەیوەندیدارەكانی كوەیت بڕی تێچونی پڕۆسەی هەناردەكردنی ئوردن بەرە و عێراق كەم دەكاتەوە بەجۆرێك بۆ هەر بارهەڵگرێت نزیكەی هەزار دۆلار بۆ وڵاتەكەی دەگەڕێتەوە، ئەمە جگە لەكەمكردنەوەی كاتی گواستەوە.

لەپێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بەهۆی تێكچونی رەوشی ئەمنی سنورەكانی نێوان عێراق و ئوردن، ئاستی هەناردەكردنی ئوردن بەرێژەی لە (25%)كەمی كرد و ئەوەش بارگرانی ئابوری لەسەر ئەو وڵاتە دروستكرد.