هەرێمی كوردستان: وەبەرهێنان بەڕێژەی %65 كەمیكردوە

قەیرانی دارایی‌ و شەڕی داعش، قەبارەی وەبەرهێنانی‌ لە هەرێمی كوردستان بەئاستێكی‌ بەرچاو دابەزاندوە، بەشێوەیەك نیوەی یەكەمی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردو نزیكەی (65%) كەمیكردوە، بەڵام سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان گەشبینە لە بەرزبونەوەی قەبارەی وەبەرهێنان لە نیوەی دوەمی ئەمساڵدا.

بەپێی‌ ئامارەكان، لە ساڵی (2013) بە بڕی (12) ملیار و (443) ملیۆن و (41) هەزار دۆلار وەبەرهێنان لە سێ پارێزگاكەی هەرێمدا كراوە، بەڵام لە ساڵی (2014) و شەش مانگی یەكەمی ساڵی (2015)دا بەهۆی شەڕی داعش و بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، قەبارەی وەبەرهێنان تەنها (چوار) ملیارو (360) ملیۆن و (357) هەزار دۆلار بوە.

هەرچەندە بەپێی‌ ئەو داتایانە ئاستی‌ وەبەرهێنان بەڕێژەی‌ (65%) دابەزیوە، بەڵام رێبوار خەلیل، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، گەشبینیی خۆی لە بەرزبونەوەی قەبارەی وەبەرهێنان لە نیوەی دوەمی ئەمساڵدا نیشاندەدات و دەڵێت:”سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و بەرەوپێشچونی رەوشی ئەمنی‌ و پێدانی ژمارەیەكی زۆر مۆڵەت بۆ وەبەرهێنان، كێرڤەكە بەرزدەكاتەوە”.

لەلایەكی‌ دیكەوە شیرین حوسنی، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی كەمبونەوەی ئاستی وەبەرهێنان دەڵێت:”كەموكوڕیی لەیاسای دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمدا هەیە، بۆیە پێشنیازكراوە هەموار بكرێتەوە و لەمساڵیشدا كۆنفرانسێكی گەورەی نێودەوڵەتی بۆ ئەو مەبەستە لە هەرێمی كوردستان سازدەكرێت و كەسانی بیانیش تێیدا بەشدار دەبن”.