سوودەكانی لیمۆ

بەپێی هەندێ لێكدانەوە لیمۆ لە رەچەڵەكدا وشەیەكی فارسییە و لە (لەیمون)ەوە هاتووە، ئەویش مانای دژە ژەهر دەگەیێنێت، بە مانای پاككردنەوەی لەش لە ژەهرە جیاوازەكان.
بەپێی لێكۆڵینەوەكان لیمۆ زۆر سوودی تەندروستی هەیە، لەوانە لەكاتی سەرمادا بۆ كۆكە و هەڵامەت سوودی هەیە، هەروەها یاریدەی زوو هاتنە دەرەوە و رزگاربوونی بەڵغەم دەدات لەو كەسانەی بەڵغەم سنگیان دەگرێت.
لیمۆ دەوڵەمەندە بە دژە ئۆكسیدە سروشتییەكان، كە سووڕی خوێن چالاكتر دەكەن و كاریگەری باشیان هەیە بۆ نەخۆشییەكانی جومگەكان و دەوالی و هەروەها زوو دەركەوتنی نیشانەكانی پیری، جگە لەوانەش كاریگەری باشی هەیە بۆ پاراستنی مرۆڤ لە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە.
لیمۆ، سەرچاوەیەكی باشی ریشاڵە خۆراكییەكانە، بە رێژەی 5% كاریگەری هەیە لە دانانی سنوور بۆ بەرزبوونەوەی شەكرو چەوری لە خوێندا، ئەگەر دوای ژەمە خۆراكییەكان بخورێت. دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C بە رێژەی 112 ملیگرام بۆ پەرداخێك ئاوی میوە، لیمۆ سوود بە كۆلاجینی پرۆتین دەگەیێنێت، كە لێپرسراوە بەرامبەر نەرمی و جوانی و پتەوی پێست، هەروەها رەنگی پێستیش دەپارێزێت، لیمۆ یارمەتی لەش دەدات بۆ مژینی ئاسنی ناو خۆراك، ئەوەش زیندوویی و رەنگی جوان بە مرۆڤ دەبەخشێت.
هەروەها لە لیمۆدا ڤیتامین B6 هەیە، كە بە نەبوونی هەوكردنی پێست و زمان و كەمخوێنی روودەدات و لەو كەسانەشدا رێژەكەی دادەبەزێت، كە تووشی نەخۆشی سیل دەبن. 
لە لیمۆدا رێژەیەكی بەرچاو كالسیۆم هەیە، ئەویش كاریگەری باشی بۆ ئێسك و جوڵە هەیە، هەروەها گرنگە بۆ راگرتنی هاوسەنگی خانە و شلەكانی لەش، هەروەها فۆسفۆریشی تێدایە.