پێویستە بەرمیلێک نەوت بە 75 بۆ 80 دۆلار بفرۆشرێت

 
عادل عەبدولمەهدی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند بەپێی هاوسەنگی دادپەروەرانە لە نێوان بەرهەمهێنەران و بەکارهێنەراندا پێویستە بەرمیلێک نەوت بە 75 بۆ 80 دۆلار بفرۆشرێت.



عادل عەبدولمەهدی لە وتارێکدا، کە لە کۆڕبەندێک لە بارەگای رێکخراوی ئۆپیک لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا پێشکەشی کرد رایگەیاند:” بەبڕوای من بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگییەکی دادپەروەرانە لە نێوان بەرهەمهێنەران و بەکارهێنەران، پێویستە نرخی فرۆشتنی بەرمیلێک نەوت لە نێوان 75 بۆ 80 دۆلار بێت”.



وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی “پێشبینی دەکەم لە چەند مانگی داهاتوو لەگەڵ زیاتربوونی داواکاری بۆ نەوت، ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ 100.000 بەرمیل لە رۆژێکدا زیادبکات”.



ئەمە لەکاتێکدایە نرخی فرۆشتنی بەرمیلی نەوتی خاوی برێنت کە باشترین جۆری نەوتە ئێستا لە بازارەکانی جیهان نزیکەی 65 دۆلارە و وەزارەتی نەوتی عێراق مانگی ئایاری رابردوو رایگەیاند زیاتر لە 97 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە.